پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ كۆدەبێتەوە

لڤین

بڕ‌یارە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دانیشتنێكی ئاسایی ئەنجامبدات و یەكەم بڕ‌گەی دانیشتنەكەش هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنەكە دەبێت، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت: “هەرچەندە هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ لە كارنامەی دانیشتنەكەدا هەیە، بەڵام پێدەچێت ئەو پرسە یەكلایی نەبێتەوە”.

د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەفراكسیۆنی یەكێتی بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەیی راگەیاند: “دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڕ‌یاریداوە رۆژی شەممە 27-1-2024 دانیشتنی ئەنجومەن ئەنجامبدرێت و بەپێی بەرنامەی كار، دانیشتنەكە حەوت بڕ‌گە لەخۆدەگرێت، كە بڕ‌گەی یەكەم تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام پێدەچێت لە دانیشتنەكەدا ئەو پرسە یەكلایی نەبێتەوە، چونكە تاوەكو ئێستا لایەنەكان بەگشتی و لایەنە سوننەكان بەتایبەتی لەسەر ئەو پرسە هیچ رێككەوتنێكیان نەكردووە”.

لەبارەی ناردنی بڕی 618 ملیار دینارەكەش بۆ هەرێم ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: “بەدڵنیاییەوە ئەو بڕە پارەیەی كە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێداوە بۆ هەرێم بنێدرێت، دەنێدرێت و ئەگەر ئەمڕۆ رێكارەكانی تەواو نەبێت، رۆژی یەك شەممە رێكارەكان تەواو دەبێت و پارەكە بۆ هەرێم دەنێردرێت”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button