خەونی دۆستایەتی کورد لە هەناوی ناسیۆنالیستی تورکی دا

کام تاکی تورک لە مەرتەبە نەتەوەیی و ناسیۆنالیستییەکەیدا خانەی ژێرەوەی توندڕەوی و ڕایسیزم و جیاوازی نەتەوەیی گرتبێت، ئەوا لە ئاست نەتەوەی کورددا هیچ جیاواز نییە لەو تورکەی لە مەرتەبەی یەکەمی فاشیستی تورکی و ناسیۆنالیستی تورکیدایە.

گەڕان بەدوای جیاوازیدا لەنێوان تاکی تورکیدا دژی میللەتی کورد و خاک و دۆزە ڕەواکەی، تێنەگەشتنە لە توندی بیری ناسیۆنالیستی و فاشیستی تورکی لەناخی هەر تاکێکی تورکدا. جا چجای ئەوەی بگاتە ڕادەیەک پێمانوابێت تورک دۆستی کوردە و قازانجی کوردیان دەوێت!

ئەوەی پێویستە هەموو کوردێک بیزانێت، هەڵکشان و داکشانی نەیارێتی تورک دژی کورد بەپێی “زەمەن”و “شوێن”، جیاوازەو هەرگیز تورکێک نییە لە دەرەوەی بیری فاشیستانەی تورک بێت و دۆستی کورد بێت. کاتێک “دەوڵەت باخچەلی” سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورک “مەهەپە” لەسەر (پول)ێک هێرش دەکاتەسەر کورد و خاکەکەی، ئەوە تەنها پەیامی سەرۆکی مەهەپە نییە وەک هێزێکی نەتەوەپەرستی تورکی، بەڵکو لەپشتەوەی ئەم هێرش و هەڕەشەیەوە هەموو تورکێک خۆی دەبینێتەوە و کۆکە بەئاواز و نۆتی توڕەبوونەکانی باخچەلی. خیتابەکانی باخچەلی ئەگەر لە سیاسەتی ناوخۆییدا تەنها نمایندەی یەک حیزب بکات، ئەوا بۆ نەیارەکانی دەرەوەی تورکیا هێزی ناوەوەی هەموو تورکێکە و هەموو تورکێک بۆ خۆیان باخچەلییەکی دیکەن.

ناسیۆنالیستی تورکی و فاشیسزمی تورکی کۆلکەو خاڵی هاوبەشی نێوان هەموو تورکێکە بەبێ جیاوازی، لەکاتێکدا ئەحمەد داود ئۆغڵۆ و عەلی باباجان لەهەناوی حیزبی “دادو گەشەپێدان”ەوە هاتوونەتە دەرەوە و حیزبێکی نوێیان ڕاگەیاندووە و عەلی باباجان ڕایگەیاند کە “ئەردۆغان تورکیای بردۆتە تونێلێکی تاریک” و هاوکات باباجان و ئەحمەد داود ئۆغڵۆ یەکەم کۆنگرەی حیزبەکەیان بردووەتە باکوری کوردستان بۆ ئەوەی دەنگی AKPARTI کەم بکات، بەڵام لە هێرشی فاشیستانەی ئەردۆغاندا بۆسەر کوردانی باشووری کوردستان، پێکەوە کۆک بوون و باباجان و داود ئۆغڵۆ پشتیوانی ئەردۆغانن. ئەمە جگە لەوەی باخچەلی دەڵێت “نەخشەی کوردستان لەژێر پێی ئێمەدایە”

لێرەدا، دەبێت دوو شت لێکدی جودا بکرێتەوە، یەکەمیان خودی پولەکەیە کە بەڵگەی بەرزبوونەوەی کێرڤی نەتەوەیی نییە و شتێکی هێندە گەورە و پیرۆزنییە تەکانێک بە بەپرسی نەتەوەیی کورد بدات، ئەم خاڵەیان تووشی شاگەشکەم ناکات و پولەکە بەلای منەوە پولێکی قەڵب ناهێنێت. دووەمیان گرنگ و مایەی هەڵوەستەیە کە، ناسیۆنالیستی عەرەبی و تورکی و فارسی، هیچ شتێکی کوردی نییە دژی نەوەستابێتنەوە، ئەم نەتەوەپەرستییەی تورکیش لەناو جۆرەکانی دیکەدا پلەی یەکەمی وەرگرتووە لەدژایەتی هەموو پیرۆزی و بەها و خاک و زمان و ….هتدی کوردی.

پەینەبردن بە قوڵایی توندیی و داخراویی ناسیۆنالیستیی تورکی، ئەو بڕوایەی لەلای هەندێک کاربەدەستی کورد دروست کردووە کە تورک وەک دۆست و نزیک لەکورد پیشان بدەن، لەڕاستیدا ئەم جۆرە بڕوایە دووجار هەڵەیە، لەلایەک ناسیۆنالیستی تورکی ئەوەندە توند و پڕ قینە دژی کورد بەگشتی، ڕێگە بەخۆی نادات لەهەناوی خۆیدا جیگایەک بۆ دۆستایەتی لەگەڵ کورد بکاتەوە و ئەخلاق! بگێڕێتەوە بۆ پەیوەندییەکی لەو شێوەیە. لەلایەکی دیکەشەوە ئەم دژایەتییەی تورک بۆ کورد شتێک نییە لەماوەی دەیەیەک یان  دووان و سیانی ڕابردووەوە سەریهەڵدابێت، بەڵکو ئەم دژایەتییە لە شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و شێخ سەعیدی پیرانەوە تاکو ئێستا هەمان وێنەی مێژووییە کە مێژوویەکی پڕ کوشتار و دژایەتی کوردبووە لەلایەن تورکەوە.

ناوهێنانی تورک وەک دۆست، قسەیەکە لە دەرەوەی مێژووە و جۆرێکیشە لە ناشارەزایی لەسیاسەت، و زیگزاک و تەراتێنی ئابووری کە تورکیا هەمیشە لە سێبەری ئابووریدا لەگەڵ کورد و عەرەبی عێراقیش دانیشتووە، تەنانەت لەدوای ساڵی 1926 تورکەکان ڕازیبوون ئەگەر ڕێژەی 10%ی نەوتی موسڵ بۆ ماوەی 25 ساڵ وەربگرن، ئەوا لە دروشمی موسڵ ویلایەتێکی عوسمانییە و “نیشتمانی ونبوو”ە، خۆش دەبن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button