دەرکەوتنی فاشیزم لە شەش ساڵ زیندانی ڕۆژنامەنووسدا

ئەگەر ڕۆژنامەنووسی ڕاستەقینە!، یان هەر قەڵەمێکی ئازاد و هەقبێژ، وێنەی قافڵەی ئۆتۆمۆبێلی بەرپرسەکان و فڕۆکە و گەشتی بەرپرسەکان و وێنەی ماڵ و منداڵی بەرپرس و بۆری نەوت و چاڵوچۆڵی شەقام و باڵەخانەی بەرپرسەکانی ئەم وڵاتە و …هتد لە موبایلەکەیدا نەبێت، ئەی وێنەی چی لابێت؟
ئەیانەوێت وێنەی کارەبا جوانەکەیان لەموبایلی ڕۆژنامەنووساندا بێت؟ وێنەی شکستی موچە؟ وێنەی داگیرکاری کوردستان؟ وێنەی بۆردوومان؟ وێنەی ژیانی ڕەفاهی منداڵەکانی ئەوان؟ وێنەی بۆینباغ و چاکەت و پانتۆڵی مارکەی ئەوان؟
ئەوە چی لۆژیکێکە دەبێت ڕۆژنامەنووس وێنەیەکی پێبێت بەدڵی دەسەڵاتەکەی دادگا! بێت؟ جارێ ئەسڵەن وێنەی جوان ماوە لەم وڵاتەدا تاکو ڕۆژنامەنووسان بیخەنە موبایلەکانیانەوە؟
سزادانی ڕۆژنامەنووس و بێدەنگکردنی، نە سەروەری یاسایە و نە هەڵەی ڕۆژنامەنووسە، واقیعەکە ئەوەیە ئەم وڵاتە بەرەو داخرانێکی تەواوەتی دەچێت و نیشانەکانی فاشیزم لەم بڕیارەوە دەبینین کە نابێت کەس لەم دەسەڵاتە نزیک ببێتەوەو موقەدەساتەکانی بخاتەبەردەم ڕەخنە.
ئەم بڕیاری سزادانە دوو خاڵی زۆر مەترسیدار لەخۆ دەگرێت:
یەکەم: تەواوی ڕۆژنامەنووسان لەبەردەم مەترسیدان، یان دەبێت وەک ئەوان! بیربکەنەوە و هەموو ڕەشی و ناشیرینییەکانی ئەوان بەجوانی پیشان بدەن، یان دەبێت سزای ئەوانیان لەسەر تەتبیق بکرێت.
دووەم: هەموو پنتێکی ئەم وڵاتە جێگایەکی ئەمین و دڵنیایی نییە بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی و هەموو وێنەیەک ڕۆژنامەنووس دەینێرێت بۆ میدیاکەی ئەگەری کارەساتی گەورەی هەیە لێیبکەوێتەوە.
دەرکەوتنی فاشیزم لەهەر کۆمەڵگا و دەسەڵاتێکدا بە دوو ڕێگا دەردەکەوێت:
یەکەم: دەسەڵات دەخاتەسەروو یاساوەو یاسایش دەخاتە خزمەت دەسەڵاتەوەو هیچ ئازادییەک لەبڕیاری دادگادا نامێنێت، واتە لەم شێوە دەسەڵاتەدا بڕیاری یەکەم لای دەسەڵاتە نەک دادگا.
دووەم: دەسەڵاتە فاشیست و داخراوەکان بەهێزی بڕیارەکانیان هەمیشە بۆشاییەک لەنێوان خۆیان و میللەتدا دەهێڵنەوە و بەناوی پیرۆزی دەسەڵاتەوە نابێت هیچ کەسێک بەو بۆشاییەدا تێپەڕ ببێت، هەر کەسێکیش پێینایەناو ئەو بۆشاییەوە کەواتە پیرۆزییەکانی پێشێلکردووە و پێویستە دادگاکانی دەسەڵات ڕەجمی بکەن بە سزای زۆرو ترسێنەر!
ئەوەشی لەکوردستان هەیە و دەیبینین کە لەسەر وێنەی فڕۆکەیەک و گروپچاتی فەیسبووک حوکمی شەش ساڵ زیندانی بۆ ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی دەدرێت، جگە لەدانانی بەربەستێک لەبەردەم ڕۆژنامەنووساندا تاکو بەبۆشایی دەسەڵات و هاوڵاتیاندا نەڕۆن، هیچی دیکە نییەو دەرکەوتنی فاشیزمی کوردییە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button