لە كەركوك و شارەکانی ناوەڕاست و خوار و قەدەغەی هاتووچۆ دەستپێدەکاتەوە

لڤین:
بڕیارە لە سبەینێوە لە شاری كەركوك و شارەکانی ناوەڕاست و خواری عێراق، قەدەغەی هاتووچۆ دەستپێدەکاتەوە و شانەی قەیرانەکانی نەجەف-یش لەو بارەیەوە پوختەی بڕیارەکانی ئاشکراکرد.
ئەمڕۆ، شانەی قەیرانەكانی كەركوك لە گەڵ یەكە ئیدارییەكانی شارەكە كۆبوەوە و بڕیاریاندا لە سبەی شەو کاتژمێر ٨-ەوە، قەدەغەی هاتووچۆ دەستپێبکاتەوە و بەپێی بڕیارەکەش ڕۆژەكانی پێنج شەممە، هەینی، شەممە و یەكشەممە، قەدەغەی گشتیی دەبێت و هیچ جۆرە جۆڵە و هاتووچۆیەك ڕێگەی پینادرێت.
ڕۆژانی دووشەممە، سێ شەممە و چوارشەممەش لە کاتژمێر ٨ی شەوەوە قەدەغە دەستپێدەکات تا کاتژمێر ٦ی بەیانیی، واتا بە ڕۆژ هاتووچۆ ئاسایی دەبێت.
شانەی قەیرانەكانی کەرکوک ڕاشیگەیاندووە تەواوی دەوامی خوێندنگا و زانكۆ و پەیمانگاكان ڕادەگیرێت بەشێوەیەكی كاتیی و دەوامی فەرمانگەكان بەشێوەی ٥٠٪ دەبێت و سەرجەم بازگەكانی كەركوكیش بەڕووی شارەكانی هەرێم و عێراقدا دادەخرێت.
لە لایەکی دیکەوە شانەی قەیرانەکانی نەجەف پوختەی بڕیارەکانی بۆ قەدەغەی هاتووچۆ بەمشێوەیە خستەڕوو:
– داخستنی تەواوی پارێزگاکە لە ٨ی ئێوارە بۆ ٥ی بەیانی.
– کەمکردنەوەی دەوام بۆ ٥٠٪.
– داخستنی هەموو مەزارە شیعییەکان.
– دەسەڵاتدان بە عەتەبە و مزگەوتی کوفە بۆ جێبەجێکردنی ڕێوشوێنەکان.
– قەدەغەکردنی کۆبوونەوە و پرسە و حسێنییەکان و ئاهەنگەکان لە هۆڵەکاندا تا ڕاگەیاندنێکیتر.
– جێبەجێکردنی ڕێوشوێنەکانی لیژنەی تەندروستیی ناوەند لە کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممەوە.
– پشکنینی هاتووان لە فڕۆکەخانەی نەجەفەوە و دابڕینی توشبوان.
– بەئەنجامگەیاندنی پشکنینێکی مەیدانی لە سەرتاسەری پارێزگاکەدا.
حكومەتی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ شانەی قەیرانەكانی عێراق بەهۆی زیابوونی توشبوانی كۆرۆنا و تۆماركردنی چەند حاڵەتێكی نوێ، بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقداوە.