خۆرئاوای کوردستان؛ شکست و سەرکەوتن بۆ ئەردۆغان

هەڵبژاردنی پێش وەختەی پێشووی تورکیا نەیتوانی دەستکاری واقیعێکی سیاسی و ئابووری و ئەمنی بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا بکات کە شکستی هێناوە لە زۆر بواردا، ئەو شکستە ئەوەندە هەست پێکراوبوو ئەگەرچی هەڵبژاردن لە ئەستەنبوڵیشدا دووبارەکرایەوە، بەڵام دووبارەی ئەنجامەکەش هەر لەسوودی ئەردۆغان نەبووە.

خۆرئاوای کوردستان یەکێکە لەو خاڵە بەهێزانەی شکستی ئەردۆغانی لەناوخۆی تورکیادا پێش خست، ڕاستە ئەردۆغان و سوپاکەی لە کرداردا چەند ناوچەیەکی خۆرئاوای کوردستانی داگیرکردووە و تاڵانی کردووە، بەڵام بەردەوامی تێچووی ئەم داگیرکارییە لەسەر ئابووریی و داراییەکی لاوازی تورکیا، زیاتر پەستانی خستۆتەسەر ژیان و داهاتی تاک لەناوخۆدا و بەم هۆیەشەوە دەنگی دژ بە ئەردۆغان لە زیادبووندایەو پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دینی! ئەردۆغانیشی داکشاندووەتە خوارێ.

لەبەرامبەر ئەو ئابوورییەی تورکیادا کە ئەردۆغان بۆ مەبەستی خۆی خستوویەتیە خزمەت سوپاوە، هەموو ئەو تاڵانییەش کە ئەردۆغان لە خۆرئاوای کوردستاندا دەیکات، ناچێتە خزمەت ناوخۆی تورکیاوە و لەسنووری خێزانی ئەردۆغاندا وون دەکرێت.

لەدوای ساڵی 2011 و ڕووداوەکانی سوریا و خۆرئاوای کوردستان، چەندانجار ئەردۆغان لەمیدیاکانەوە خۆی وەک براوەی جەنگی خۆرئاوای کوردستان و سوریا ناساندووە، تەنانەت لەدانیشتنی “ئەستانە”شدا، ئەردۆغان وەک پاڵەوانی ناو داستانەکە خۆیی پیشان دەدا، بەڵام لەڕاستیدا ئەردۆغان نەک سەرکەوتنی تۆمارنەکرد لەخۆرئاوای کوردستاندا، بەڵکو شکستیهێنا لەگەیشتن بەئامانج و مەرامە سیاسیی و ئابووری و جوگرافییەکەی لە خۆرئاوای کوردستان و لەناوخۆی حیزبەکەیشیدا تووشی هەڵوەشانەوە و ئینشیقاق بووەوە و حیزبێکی نوێ بەناوی “دیموکراسی وپێشکەوتن” بەڕابەرایەتی عەبدوڵا گویل، ئەحمەد داود ئۆغڵۆ و عەلی باباجان، خۆی ڕاگەیاند.

بەدیوێکی دیکەدا، بەرگری هێزەکانی خۆرئاوای کوردستان دژی سوپا داگیرکەرەکەی ئەردۆغان “ئێستاشی لەگەڵ بێت”، لەلایەک ڕێژەی فشۆڵی و ناتۆکمەیی ئەم سوپایەمان پێدەڵێت چۆن ڕۆژانە و سات دوای سات تووشی شکست و کوشتاری زۆر دەبنەوە، لەلایەکی دیکەشەوە ئەو واقیعەمان بۆ وێنا دەکات چۆن ئەم سوپایە لەژێر فەرمانی تاکەکەسی و مەبەستەکانی ئەردۆغاندا ڕوویان دەنرێتە بەرەی جەنگەوە و دواجاریش تەرمی چەندرمەکان نادرێتەوە کەسوکاریان تاکو لەناوخۆدا شکستەکە بشاردرێتەوە.

ئێستا خۆرئاوای کوردستان نەک بەفەرمی پاڵەوانبوونی ئەردۆغان ڕادەگەیەنێت و وەک براوەی جەنگەکە دەیناسێنێت، بەڵکو خۆرئاوای کوردستان وێنە واقیعی و ڕاست و ڕەوانەکەی ئەردۆغانمان دەداتە دەست و دەتوانین بڵێین هەموو ئەو لێدانە سیاسی و سەربازی و ئابووری و جەماوەرییەی لە خۆرئاوای کوردستاندا لەئەردۆغان و سوپاکەی دراوە، تێگەشتنەکە ئاسان دەکات لەسەر شکستی ئەردۆغان چ لە دەرەوە و چ لە ناوخۆی تورکیادا.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button