مه‌حمود حه‌فیدزاده:
بارزانی ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ لاهور شێخ جه‌نگی كۆببێتە‌وه
لڤین: مه‌حمود حه‌فیدزاده، ئاشکرایکرد، مەسعود بارزانی، ئاماده‌یی نیشانداوە له‌گه‌ڵ لاهور شێخ جه‌نگی كۆببێته‌وه و نێچیرڤان بارزانیش کۆبوونەوەکەی پێباشە.
مه‌حمود حه‌فیدزاده، نه‌وه‌ی شێخ مه‌حمودی حه‌فید، لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ڕووداو، ئاشکرایکرد، مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئامادەیی دەربڕیوە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتیمانی کوردستان دابنیشێت، بەڵام تێبینی و سەرەنجی هەبووە بۆ ئامادەکاریی بۆ ئەو دانیشتنە.
مەحمود حەفیدزادە، سەرنج و تێبینییه‌کانی ئاشكرانه‌كرد، بەڵام ڕایگەیاند کە تێبینییەکانی بە لاهور شێخ جەنگی گەیاندووە. هەروەها باسی له‌وه‌شكرد، کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیدارە چاوەڕوانكراوەكەی نێوان بارزانی و لاهور شێخ جەنگی زۆر پێ باشە و هەوڵی سەرخستنی دەدات.
ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ لاهور شێخ جەنگی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی له‌فه‌یسبووكی خۆی دوای كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ مه‌حمود شێخ كاوه ڕایگەیاند، “لە دیدارێکدا گفتوگۆمان کرد دەربارەی دۆخی ئێستا و پێویستی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و لابردنی ئەو کۆسپ و بەربەستانەی کە بوونەتە ڕێگر لەبەردەم پڕۆسەی سیاسی. ویستی سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان‌مان دووپاتکردەوە بۆ یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکان و ڕامانگەیاند کە لەو پێناوەدا هەوڵ و هەنگاوی زۆرمانناوە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و ڕزگارکردنیان لە نەهامەتی و برسێتی و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران، ڕاشمانگەیاند کە هەر هەوڵ و هەنگاوێک لەو پێناوەدا بێت پێشوازیی لێ دەکەین”.