نێچیرڤان بارزانی:

كوردستان له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستی به‌ ته‌بایی و یه‌كڕیزییە

لڤین:سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی یادی 30 ساڵە راپەرینەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئێستا كوردستان له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستی به‌ ته‌بایی و یه‌كڕیزیی هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كانی هه‌یه و ده‌توانین رووبه‌ڕووی سه‌ختی و ته‌حه‌دییه‌كان ببینه‌وه‌.

ئەمڕۆ  لەیادی 30 ساڵەی راپەڕیندا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لەبەشێکی پەیامەکەدا هاتووە: ئه‌مرۆ له‌ كاتێكدا یادی ئه‌و رۆژه‌ پیرۆزانه‌ و قاره‌مانه‌كانی ده‌كه‌ینه‌وه‌، كوردستان له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستی به‌ ته‌بایی و پێكه‌وه‌یی و یه‌كریزیی هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كانی هه‌یه‌ تاكو بتوانێت په‌یام و ئامانجه‌ پیرۆزه‌كانی راپه‌ڕین و به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدان بپارێزێت و به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی باشتر هه‌نگاو بنێت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بە بەرەی یەکگرتووی کاتی راپەڕین دەکات کە بووە هۆی “سەرکەوتنی راپەڕین” و داواش له‌ هه‌موو هێز و لایه‌ن و پێكهاته‌كانی كوردستان ده‌كات، یادی راپه‌ڕین بكه‌نه هه‌وێنی ته‌بایی و پێكه‌وه‌یی و یه‌كڕیزی و نه‌هێشتنی كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان.

دەقی پەیامەکە:

له‌ یادی سی ساڵه‌ی راپه‌ڕینی ئازاری گه‌لی كوردستاندا، دروود بۆ شه‌هیدانی ئازادیی كوردستان، سه‌ری ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گیانی پیرۆزیاندا داده‌نوێنین، به‌ حورمه‌ت و شكۆوه‌ یادیان ده‌كه‌ینه‌وه.

سڵاو له‌ گه‌لی خۆڕاگری كوردستان كه‌ به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ وه‌ك ئه‌مڕۆ به‌رله‌ سی ساڵ له‌ ڕانیه‌ی خۆشه‌ویستی ده‌روازه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌وه‌، له‌ خرۆشانێكی جه‌ماوه‌ریی گه‌وره‌دا به‌رامبه‌ر به‌ سته‌م و دكتاتۆری ڕاپه‌ڕین و له‌گه‌ڵ پێشمه‌ر‌گه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستان، یه‌ك به‌ یه‌ك گوند و شارۆچكه‌ و شاره‌كانی نیشتمانیان ئازاد كرد.

ئه‌مڕۆ له‌ كاتێكدا یادی ئه‌و ڕۆژه‌ پیرۆزانه‌ و قاره‌مانه‌كانی ده‌كه‌ینه‌وه‌، كوردستان له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستی به‌ ته‌بایی و پێكه‌وه‌یی و یه‌كڕیزیی هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كانی هه‌یه‌ تاكو بتوانێت په‌یام و ئامانجه‌ پیرۆزه‌كانی ڕاپه‌ڕین و به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدان بپارێزێت و به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی باشتر هه‌نگاو بنێت.

وه‌ك چۆن له‌ ڕاپه‌ڕیندا ته‌واوی كوردستانییان به‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كان و هه‌موو ئاراسته‌ و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ جیاكانه‌وه‌، له‌ به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوودا پێكه‌وه‌ ڕاپه‌ڕین و سه‌ركه‌وتین، ئێستاش به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ ده‌توانین ڕووبه‌ڕووی سه‌ختی و ته‌حه‌دییه‌كان ببینه‌وه‌ و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانمان به‌ده‌ست بهێنین و بپارێزین.

له‌م یاده‌ پیرۆزه‌دا داوا له‌ هه‌موو هێز و لایه‌ن و پێكهاته‌كانی كوردستان ده‌كه‌م، یادی ڕاپه‌ڕین بكه‌ینه هه‌وێنی ته‌بایی و پێكه‌وه‌یی و یه‌كڕیزی و نه‌هێشتنی كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان تا گیانی كاروانی شه‌هیدانی كوردستان شاد بكه‌ین و هه‌موومان پێكه‌وه‌ به‌ره‌و داهاتوویه‌كی باشتر هه‌نگاو بنێین، پێكه‌وه‌ بۆ كوردستانێكی ئارام، ئاوه‌دان و سه‌قامگیر تێبكۆشین كه‌ بۆ هه‌میشه‌ به‌ لانكه‌ی ئازادی، لێبورده‌یی، پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن بمێنێته‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

5ی ئازاری 2021

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button