له‌باره‌ی ناردنی 400 ملیار دینارەکە زانیاری نوێ ئاشکرا دەکرێت

لڤین:

 بەرپرسێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتی دەکاتەوە، وەزیری دارایی عێراق بڕیاری ناردنی 400 ملیار دینارەکەی ڕاگرتبێت و جەخت دەکاتەوە، ڕێکارەکان تەواو بن، پارەکە دەنێردرێت.

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لە لێدوانێکدا بە میدیای  نزیک لە پارتی راگەیاند: “ڕێکارە ئیدارییەکانی ناردنی 400 ملیار دینارەکەی بودجەی هەرێمی کوردستان تەواو بن، پارەکە دەنێردرێت.”

سەبارەت بەو دەنگۆ و زانیارییانەی باس لەوە دەکەن، وەزیری دارایی عێراق ڕێگر بێت لە ناردنی 400 ملیارەکە، فارس عیسا گوتی: “ئەو دەنگۆیانە ڕاست نین، 400 ملیارەکە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، چۆن بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ڕادەگیرێت؟ بە پێچەوانەوە، ڕێکاری ئیداری و دارایی تەواو بێت، دەنێردرێت و کێشەی نییە.”

هەفتەی ڕابردوو، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئەوەی بۆ (باسنیوز) ئاشکرا کرد، نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ  خەرجکردنی 400 ملیار دیناری بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان گەیشتە وەزارەتی دارایی عێراق و جەختی کردەوە، دوای تەواوبوونی ڕێکارە ئیدارییەکان، 400 ملیارەکە دەخرێتە سەر ئەژماری حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button