حکومەتی هەرێم نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکات

لڤین:

 بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر ئاشکرایکرد، حکوومەت بڕیاریداوە نەوتی سپی ماڵان بۆ ئەمساڵ دابین بکات، بۆ ئەو مەبەستەش دەستی بەرێکاری بەپەلە کردووە بۆ ئەوەی نەوت دابەش بکرێت و ھەرکاتێک بۆ ئێمەیان دابینکرد دەست بەدابەشکردنی نەوت دەکەین.

ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر، بە ماڵپەڕی پارتی ڕاگەیاند: “رێنمایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەخێرایی رێکارەکان دەست پێبکەن بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان بکرێت بەسەر ھاووڵاتیاندا، بەڵام ھێشتا بڕەکە بۆ ئێمە دیاری نەکراوە بۆ ئەم ساڵ چەندمان پێ دەدەن”.

ئاری کاکەشین گوتیشی: “کۆبوونەوە دەکرێت و بەردەوام لە گفتووگۆدان بۆ ئەوەی نەوتێکی باش بۆ ھاووڵاتیان دابین بکرێت، کە مەبەستم بڕەکەیە، چونکە چەند زیاتر بێت ئێمە دەتوانین زیاتر دابەشی بکەین و خەڵک زیاتر لێی سودمەند بێت”.

لەبارەی ئەوەی ئەوانەی پارساڵ نەوتیان وەرنەگرتووە، کاکەشین گوتی: “ئەوە لەسەر حکوومەت دەمێنێتەوە ئەگەر زۆرمان بۆ دابین بکەن دەتوانین لەناوچە شاخاوی و ناوشاریش دابەشی بکەین، بۆیە لەسەر ئەو بڕە دەمێنێتەوە کە بۆمان دابین دەکرێت، بۆیە ئەگەر زۆرمان بۆ دابین بکرێت لە ھەردوو ناوشار و شاخاوی دەستپێدەکەین ئەگەر بڕەکەشی دیاریکراو بێت لە ناوچە شاخاوییەکان دەست پێدەکەین، چونکە لەوێ زووتر سەرما دەستپێدەکات و ناوچەکانی ئەوانیش ساردترە  بەراورد بە ناوچەکانی دیکە”.

بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر ڕوونیشیکردەوە: “چەند زووتر بۆمان دابین بکرێت زووتر دەست بەدابەشکردنی دەکەین، بۆیە ھیوادارین لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بۆمان دابین بکرێت و دەست بەدابەشکردنی بکرێت و گرنگ ئەوەیە لەمانگی ١٠ تێپەر نەکات، بۆ ئەوەی خەڵک سوودی لێ وەرگرێت، چونکە ئەمساڵ نرخەکەی گرانە”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button