زیارەتکارانی ئێرانی لە ھەرێمی کوردستانه‌وه‌ ده‌چنە نەجەف

لڤین:

بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتی، ئامادەکاری تەواو کراوە و ھەفتەی داھاتوو زیارەتکارانی ئێران دێن بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بچنە نەجەف و کەربەلا، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاری تەواو کراوە و رێکاری پێویستیش گیراوەتەبەر و چاوەرێ دەکرێت ١٠ ھەزار زیارەتکار بێن.

بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران، عەبدوڵڵا ئاکرەیی، ڕایگەیاند: “شاندێکی باڵای ئێران سەردانی ھەولێریان کرد لەگەڵ پارێزگاری ھەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش کۆبوونەوە، مەبەستیش بۆ تەواوکردنی رێکاری ھاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ چلەی ئیمام حوسێن بوو، کە دەیانویست بزانن چۆن ئامادەکاری کراوە و لەنزیکەوە دۆخەکەیان بینی، کە ئامادەکاری تەواو کراوە و ئێستا ھەموو رێکارەکان تەواو بوونە و دەتوانن دەست بەھاتن بکەن بۆ ئەوەی بچن بۆ کەربەلا و نەجەف”.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتیشی: “لەچەندین پارێزگای ئێران زیارەتکار دێن دەچن بۆ نەجەف و کەربەلا، وەکو قەزوین و زنجان و گیلان و ئازربایجانی تەبرێز و ئازربایجانی ئورمییە کە نزیکترین رێگایە بە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران بچن بۆ زیارەتەکەی خۆیان”.

ئاکرەیی باسی لەوەشکرد: “ئەمە جاری یەکەمە زیارەتکارانی ئێرانی بەھەرێمی کوردستان بچنە نەجەف و کەربەلا و پێشبینی ھاتنی ١٠ ھەزار زیارەتکار دەکەین، بۆیە کار دەکرێت ئەو رێگایە بەکراوەیی بمێنێتەوە و تەنھا بۆ چلەی حوسێنی نەبێت و ھەرکاتێک بیانەوێت بەو رێگایە ھاتووچۆ بکەن”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button