ئەم دوو وڵاتە لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکاندا دۆلاری ئەمریکی بەکارناهێنن

لڤین:

سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران، عەلی ساڵحئابادی بە ئاماژەدان بەوەی ئێران کە سزای بەسەردا سەپێندراوە لەگەڵ رووسیا گەیشتووەتە چەند رێککەوتنێکی گرنگ لەبارەی سیستمی بانکی، ئابووریی و دارایی و ئاشكرایكرد هەردوو وڵات لە بەرنامەیاندایە له‌جیاتی دۆلاری ئەمریکی بۆ کاروبارە بازرگانییەکانیان دراوی نیشتمانیی خۆیان بەکار بهێنن.

ئاژانسی هەواڵی نیچمە فەرمیی میهری ئێران، بڵاویکردەوە عەلی ساڵحئابادی دوای گەڕانەوەی لە رووسیا، لە تاران بە میدیاکارانی راگەیاندووە لە میانی سەردانەکەیدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی رووسیا کۆبووەتەوە و هەنگاوی باشیان ناوە لەبارەی پێشخستنی پەیوەندییەکانیان لە بوارەکانی سیستمی بانکی، ئابووریی و دارایی.

ساڵحئابادی تیشکی خستە سەر ئەوەی تاوتوێی چۆنێتی بەکارهێنانی دراوی نیشتمانییان کردووە لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکاندا له‌جیاتی دۆلار و یورۆ، راشیگه‌یاند:

“بەکارهێنانی دراوی نیشتمانی بابەتێکی گرنگی دیدار و کۆبوونەوەکان بوو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی رووسیا و به‌م نزیکانەیش کارکردن بەوە لە رێگای ئەم رێککەوتننامانەی ئەنجام دەدرێن، دەبینین”.

ئاماژەی بەوەش دا بەهۆی سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ لەم نزیکانە رێککەوتنی نوێ لە نێوان هەردوو وڵات ئەنجام دەدرێن بە مەبەستی کارئاسانی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵات و ئەنجامە باشەکانی ئەمەیش لە هەردوو وڵات هەستی پێ دەکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button