قەیس خزعەلی: کوردەکان لە سەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ناکۆکییەکی زۆریان هەیە

لڤین:

قەیس خزعەلی ئەمڕۆ یەک شەممە 10 ی تەمموزی 2022 لە وتارێکی بە بۆنەی جەژنی قوربان سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق، وتی: پاش کشانەوەی فراکسیۆنی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمان و ئەوەی کە ڕوویدا، نابێت دواکەوتنێک لە پرسی پێکهێنانی کابینەدا هەبێت، ئێستا دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ ئەو مەبەستە هاتووەتە پێشەوە و کۆبوونەوەکان پاش جەژن دەست پێدەکەنەوە.

خزعەلی وتی: خەڵک حکومەتێکی نوێ، ئابورییەکی گەشەسەندوو، ژێرخان و خزمەتگوزارییان دەوێت، خەڵک ئاژاوە و بشێوەیان ناوێت وەک ئەوەی کە لە ساڵی 2019 ڕوویدا، ئەو پەیامانەش کە لە وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی زلهێزەوە سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی یەکڕیزی نیشتمانی گەیشت، بە ڕوونی بینرا، من دڵنیام کە ئەگەر حکومەتی نوێ ئیش و کارەکانی بە درووستی بەڕێوە ببات پاڵپشتی خەڵکی لە گەڵ دەبێت، پەسەندی دەکەن و خۆیان دەرفەتی سەرکەوتنی دابین دەکەن.

ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق وتی: کوردەکان ناکۆکییەکی زۆریان لە سەر پۆستی سەرۆک کۆمار هەیە، ناکۆکییەکانی ئەوان زیاترە لە ناکۆکییەکانی نێوماڵی شێعە، چوارچێوەی هەماهەنگی لە گەڵ کۆدەنگی سەرجەم لایەنە کوردییەکانە بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار، ئێمە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە سەر پۆستی سەرۆک کۆمار چاوەڕوان نابین.

وتیشی: پاش یەکلاییبوونەوەی فراکسیۆنی زۆرینە، سەبارەت بە میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران ڕێکەوتن کراوە، بۆ دیاریکردنی ناوی سەرۆک وەزیران لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی کێشەیەکی وەها نییە، ئەم پرسە لە نێوماڵی شێعەدا دوا ناکەوێت، پێشبینی دەکەم کە ئەمە زووتر لە یەکلاییکردنەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار لە ناو کوردەکاندا بێت.

قەیس خزعەلی وتی: سەرجەم لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دژی بەردەوامبوونی حکومەتی کاربەڕێکەرن و ڕەتیدەکەنەوە، حکومەتی کاربەڕێکەر دەسەڵاتی تەواوی نییە و دەبێت هەوڵی پێکهێنانی حکومەتێک بە دەسەڵاتی تەواو بدرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button