سیلاڤیکەکان کێن ؟

لڤین:

هونەر تۆفیق

کاتێک باسی گروپی دەستڕۆیشتووی ڕوسیا دەکرێت ، پێمان وایە هەتا ئێستاش ئۆلیگارشەکان بڕیاردەری سیاسین لەو وڵاتەدا . بەڵام ئەم تێگەیشتنە بۆ چۆنیەتی دروستکردنی بڕیارەکانی کرملین هەڵەیە . چونکە لە سەردەمی حوکمڕانی پوتینەوە ئۆلیگارشەکان پەرتەوازەبوون و سیلاڤیکەکان شوێنیان گرتنەوە .
سیلاڤیکەکان هاوشێوەی نیوکۆنزەرڤاتیڤەکان ( باڵی هەڵۆکان) ی ئەمریکان . لەڕوسیدا سیل – سیلنا واتای بەهێز دەکات . بە‌هێزەکان ( سیلاڤیک) ئەو گروپەن لە دەزگا ئەمنیەکانی سوپا و پۆلیس و موخابەراتیەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جارانەوە هاتوونەتەوە ناو دەستەڵاتی ڕوسیاوە .
مێژووی سیلاڤیک لە ڕوسیادا دەگەڕێتەوە بۆ کودەتای بەلشەفیکەکان ١٩١٧ . دروستکردنی دەزگای چیکا بۆچاودێریکرنی دژە شۆرش و سەرپەرشتی قۆناغی گواستنەوەی دەوڵەت لە سیستەمێکی سەرمایەداریەوە بۆ سیستەمی سۆشیالیستی . دواتر چیکا لە ١٩٤٦ دا گۆڕدرا بۆ کەی جی بی و بووە گەورەترین دەزگای موخابەراتی نێودەوڵەتی و بەئایدیۆلۆژیای پارتی کۆمۆنیزمی سۆڤیەتیەوە بەجیهاندا بڵاوکرابوویەوە . لەپاش هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت لەناوخۆی ڕوسیادا زیاتر لە نیو ملیۆن پسپۆڕ و ئەفسەر و عەمیل و هەواڵدەری هەبوو ، لەدەرەوەشدا وەک مەزەندە دەکرێت کەی جی بی نزیکەی پێنج ملیۆن ئەندامی لە تەواوی جیهاندا پێوە پەیوەست بووە .
لە سەردەمی حوکمڕانی یەلتسیندا ١٩٩١ – ٢٠٠٠ ، کە سەردەمی ئۆلیگاریشەکانی ڕوسیایە ، هەموو ئەو ئەفسەر و پسپۆڕ و شارەزایانەی بواری تەکنەلۆژی ، ئەمنی ، ئابووری ، سیاسی کە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی کەی جی بی دا بێکاربوون ، ئۆلیگارشەکان ( ملیاردێرە تازەکان )ی وەک بیریزۆڤسکی و ڤلادیمێر گوسنسکی و خۆدۆرکۆڤسکی و ڕۆمان ئەبرامۆڤیچ و ئەوانی تر کە سەرمایەکەیان لەماوە ئەو دەساڵەی حوکمی ئۆلیگارشەکاندا گەیشتە ٣ ترلیۆن ( ٣٠٠٠ ملیارد دۆلار) بوونە ڕاویژکار و فەرمانبەر لە کۆمپانیا جۆراوجۆرەکانی ئەواندا . بوونە بەشێک لەو دەزگا ئۆلیگارشیانەی تەواوی ئابووری ، پیشەسازی ، سیاسەت ، میدیا ، کشتوکاڵ ، نەوت و غاز ی ڕوسیایان وەکو کەرتی تایبەت خستبووە ژێردەستی خۆیانەوە .
پوتین لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا وەک سەرۆکی دەوڵەت لەسەرەتاوە ئەو کۆنە هاوڕێیانەی کۆکردەوە کە ببوونە فەرمانبەری بەردەستی ئۆلیگارشەکان . دواتر موڵک و سامانی ئۆلیگارشەکانی لە پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئابووری بۆ ژێردەستی دەوڵەت لێ زەوتکردن . بیریزۆڤسکی لە ٢٠٠١ دا هەڵهات بۆ بەریتانیا و لە ٢٠١٣ دا لەوێ بەخنکاوی کۆتایی پێهات . گوسینسکی لە ٢٠٠٢ دا هەڵهات بۆ ئیسپانیا و لەوێ بووە پەناهەندە . خۆدۆرکۆفسکی کە تەواوی نەوت و غازی ڕوسیای وەک کەرتی تایبەت گرتبووە دەست لە ٢٠٠٣ دا بەتاوانی باجنەدان تا ٢٠١٤ لە زینداندا مایەوە . دواتر داوای لە بەخشینی لە پۆتین کرد بەهۆی تێکچونی باری تەندروستیەوە بەر عافوات کەوت و هەڵهات بۆ ئەڵمانیا . ئەبرامۆڤیچ کە ببوە خاوەنی تەواوی پیشەسازی ئاسن و پۆڵا ، لە ٢٠٠٣ دا هەڵهات بۆ بەریتانیا . لە ٢٠٠٥ دا داوای بەخشینی لە پوتین کرد ، ئەویش لەبەرامبەر ئەنجامدانی بایی ٧ ملیارد دۆلار پرۆژە لە ڕوسیادا لێخۆشبوونی بۆدەرکرد و گەڕایەوە ڕوسیا .
لە کۆتایی جەنگی سیلاڤیکەکان لەگەڵ ئۆلیگارشەکاندا ، سیلاڤیکیەکان خۆیان بۆ بەهێزکردنەوەی ئابووری و پیشەسازی و سوپای ڕوسیا ئامادەکرد . پلەوپۆستە هەستیار و گرنگەکانی ڕوسیایان بۆ ئەوە مەبەستە گرتەدەست .
ڤیکتۆر ئیڤانۆف کرایە سەرۆکی ئەرکان و سەرپەرشتی تازەکردنەوەی سوپای گرتەئەستۆ .سێرگی شۆیگۆ کرایە وەزیری بەرگری و ئەمنیەتی ناوەوە و دەرەوەی ڕوسیای پێ سپێردرا . سێرگی ئیڤانۆڤ بەرێوەبەرایەتی دیوانی کرملینی پێ سپێردرا . دیمیتری مێدڤیڤ و دیمتری رۆجۆزین بوونە سەرۆک و جێگری سەرۆکی وەزیران . ڤیاچسلاڤ ڤۆلۆتین دەزگاکانی ئیستخباراتی سوپای پێدرا . سیلاڤیکەکانی تریش بەسەر دەزگاکانی تری دەوڵەتدا لەسەرتاسەری ڕوسیادا ئەرکیان پێ سپێدرا .
سیلاڤیکەکان وەک خۆیان دەڵێن ئەوان پەیوەست نین بەهیچ ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراوەوە وەک لەسەردەمی سۆڤیەتدا هەبوو ، بەڵام ئەرکی سەرەکیان جێبەجێکردن و بەرپاکردنی یاسا و سیستەمە لەپێناو پاراستنی هەیبەتی دەوڵەت و باشکردنی ژیانی کۆمەڵگەدا . ئەوان جگە لەوەی لە پیشەی پێشوویاندا شارەزای تەواوی سیاسەت و پرسە ستراتیژەیەکانی جیهانن ، خەڵکانێکی ئەکادیمی ڕاستەقینەن و لەڕشتەکانی خۆیاندا یەکی چەند شەهادەیەکیان هەیە لەزمان و فەلسەفە و مێژوو و فیکری سیاسیدا . ئەوان سلینابوون ( بەهێزی) یەکەیان بەتەنیا نابەستنەوە بە ئەزموونی پێشوویانەوە ، بەڵکە زیاتر شانازی بەو ڕۆشنبیریە سیاسی و یاسایی و ئابووریەوە دەکەن کە خۆیان تیادا بە پسپۆردەزانن و سیاسەتی دەوڵەتەکەی پێ بەڕێوەدەبەن .

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button