دەزگای لوتکە: کۆچی نایاسایی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیە

لڤین:

دەزگای لوتکە بۆ ئاوارە و پەنابەران رایدەگەیەنێت، وێڕای بینینی مەرگی ئازیزانیان تائێستاش کۆچی نایاسایی لە هەرێمەوە بۆ دەرەوەی وڵات بەردەوامی هەیە، دەشڵێت ئەمە لەداهاتودا دەرئەنجامی نەخوازراوی دەبێت.

دەزگای لوتکە بۆ ئاوارە و پەنابەران، لەراگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ دوشەممە بڵاویکردوەتەوە،” بەداخەوە بەهۆی خەمساردی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دروستبوە، کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتانی دەرەوە و بەشێوەیەکی بەرچاو بەردەوامی هەیە و ئەمەش سەرەڕای قوربانیدان و بینینی مەرگی ئازیزانمان چەندین لێکەوتەی خراپی سیاسی و ئابوری و مرۆیی و کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە و لەداهاتودا دەرئەنجامی نەخوازراوی دەبێت”.

هەروەها ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردوە،” ئەرکی هەمو لایەکمان و بەتایبەت حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە کە هەوڵی جدی بدەن بۆ کەمکردنەوەی ئەو رێژە بەرزەی کۆچی نایاسایی لەئێستادا هەیە و بەداخەوە رو لە زیاتربونیش دەکات”.

دەزگای لوتکە ئاشکراشیکردوە،” لەدوای روخانی رژێمی بەعس بەهۆی دڵخۆشی و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانەوە، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان کۆچی پێچەوانە دەستیپێکرد لە ئەوروپاوە، و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی کورد گەڕانەوە، ئەمەش چەند ساڵێک بەردەوام بو، دەکرێت ئەمە دوبارە بکرێتەوە، ئەمەش تەنها بە خەمخۆری لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت”.

دەزگای لوتکە هەر لەو راگەیەندراوەدا داوایکردوە،” لەپێناو کەمکردنەوەی کۆچی گەنجان، رەوشی ژیانی هاوڵاتیان باشتربکرێت، رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و کردنەوەی کارگە و زیاتر پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی و ئابوری وڵات، دوبارە بەگەڕخستنەوەی پێشینەکان و قەرزی بچوک و گەورە بۆ زیاتر دەستگیرۆیی هاوڵاتیان و دەستخستنی کار و ژیانیان”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button