پەیەدە هاوسەرۆکانی نوێی هەڵبژارد

لڤین

بەگوێرە هەواڵێکی ئاژانسی هەوار، پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە) نۆیەمین كۆنگرەی خۆی بە بەشداری زیاتر لە 700 نوێنەر ئەنجامدەدات و هەریەك لەئاسیا عەبدوڵڵا و ساڵح موسلیم لەشوێنی عایشە حەسۆ و ئەنوەر موسلیم بەهاوسەرۆكانی پارتەكە هەڵبژێردران.

پارتی یەكێتی دیموكرات رۆژانی 18-19-20ی حوزەیرانی 2022 لەژێر دروشمی (بەگیانی جەنگی شۆڕشگێڕانەی میللییەوە شكست بەداگیركەران دەهێنین و سوریایەكی دیموكراتی بونیات دەنێن) لەشاری حەسەكە لەرۆژئاوای كوردستان كۆنگرەی نۆیەمی بە بەشداری  (700)ئەندام كە نوێنەرایەتی سەرجەم نوسینگەو نوێنەرایەتییەكانی پارتەكە لەباكورو باكووری رۆژهەڵاتی سوریاو كوردستان و ئەوروپا دەكەن ئەنجامدا.

هەروەها نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەری و پارتە سیاسییەكان و ئەنجومەنی سوریای دیموكرات و هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و بزووتنەوەی كۆمەڵگەی دیموكراتی وەك میوان ئامادەی كۆنگرە بوون، جگەلە ئامادەبوونی نوێنەری پێكهاتەكانی كۆمەڵگەو رێكخراوەكانی ژنان لەباكوورو باكووری رۆژهەڵاتی سوریا، لەكۆنگرەكەدا پیرۆزبایی ژمارەیەك پارتی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و پارتە كوردستانییەكان بەبۆنەی بەستنی كۆنگرەی نۆیەمی حزبەكەوە خوێنرانەوە.

ئەندامانی كۆنگرە لەماوەی 3 رۆژی بەردەوامی كارو چالاكییەكانیدا گفتوگۆ دەكەن لەبارەی راپۆرتی خولی پێشوی حزبەكەو پەیڕەوی ناوخۆ، هەڵبژاردنی هەریەك لەئاسیا عەبدوڵڵاو ساڵح موسلیم بەهاوسەرۆكانی پارتی یەكێتی دیموكرات و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گشتی كە پێكدێت لە 145 ئەندام و هەروەها هەڵبژاردنی ئەندامانی دەستەی دیسپلینی حزب كە بریتین لە 7ئەندام.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button