لە هەولێر دایکێک بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەی منداڵەکانی دەدات

لڤین:

تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر دایکێکیان دەستگیرکرد، وەک بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان – هەولێر باسیدەکات، “کە بە شێوازێکی زۆر دڕندانە ئەشکەنجەی منداڵەکانی داوە”.

ئەمڕۆ دووشەممە 20ی حوزەیرانی 2022، بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان-هەولێر لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، “دوای ئەوەی لەلایەن هەواڵدەرێکەوە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان/هەولێر، ئاگادارکرایەوە لە بوونی حاڵەتێکی ئەشکەنجەدان، کەوا دایکێک منداڵەکانی کە تەمەنیان لە خوار یەک ساڵیدایە بە شێوازێکی زۆر دڕندانە ئەشکەنجە دەدات”.

ئەوەشی وتووە،  “دەستبەجێ بە سەرپەرشتی نەقیبی پۆلیس ( کاروان جمیل) لێپرسراوی تیم مۆبایلەکان لەگەڵ تیم مۆبایلی رۆژئاوای هەولێری بەڕێوەبەرایەتیمان گەیشتن بە شوێنی رووداو و دوای دڵنیابوون لە راستی رووداوەکە و بەدەستهێنانی بەڵگەی ڤیدیۆیی ئەشکەنجەدان، دایکەکە و منداڵەکانی هێنرانە بەڕێوەبەرایەتیمان”.

ئەوەش خراوەتە روو، “لە دەرەنجامدا رێکاری یاسایی پێویستیان لەبەرامبەر گیرایەبەر و رەوانەی بەردەم دادوەر کران، بۆ ئەوەی دایکەکە بە سزای یاسایی بگات و منداڵەکانیش رێکاری پێویست و ئاسایشی کۆمەڵایەتیان بۆ دابین بکرێت”.

ئاماژە بەوەش دراوە، کە ڤیدیۆی ئەشکەنجەدان و بەڵگەی پێویستی رووداوەکە پێشکەشی دادوەرکراوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەیان پارێزراون.

هەروەها داوا لەگشت هاووڵاتیان دەکرێت لەبوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراوی لەم شێوەیە، هاوکارمان بن و ئاگادارمان بکەنەوە لە رێگای پەیوەندی کردن بەهێڵی گەرمی ژمارە (119)ی بەڕێوەبەرایەتیمان، یاخود لە رێگای پەیجی فەرمی (بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان/هەولێر) ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانین رێکاری پێویست لە دژی ئەم جۆرە تاوانانە ئەنجام بدەین.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button