وەزیری دارایی عێراق: ناردنی 200 ملیار دینارەکە بۆ هەرێـم بەردەوام نابێت

لڤین:

عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق لە نوێترین لێدوانیدا ئاشكرایكرد، ئەگەر هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵیی عێراق رێکنەکەوێت، لە یاسای بودجەدا پشکی نابێت.

ئەمڕۆ شەممە 18-06-2022 عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق سەبارەت بە شایستە و پشکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە بودجەکانی رابردوودا بڕگەیەک هەبوو کە تێیدا 12%ـی خەرجییەکانی هەرێمی کوردستانی لەخۆگرتبوو، بەو مەرجەی هەولێر لە بەرامبەردا داهاتی نەوتی هەناردەکراو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان رادەستبکات، بەڵام ئەو رێککەوتنە، جێبەجێنەکراوە. دواتر ئەمە گۆڕدرا بە رێککەوتنێکی کاتی نێوان هەولێر و بەغدا؛ بەپێی رێککەوتنەکە مانگانە بەشێوەیەکی نیمچە رێکخراو 200 ملیار دیناری عێراقی (138 ملیۆن دۆلار) رەوانەی کوردستان کراوە، بەڵام ئەم ناردنە بەردەوام نابێت.

عەللاوی وتی، “ئەرکم جێبەجێکردنی یاسایە، نەوەک پێشێلکردنی. لە بودجەی 2021دا مەرجێک دانرا کە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان هەناردەکردنی نەوت رادەستی سۆمۆ بکات یان پارەی یەکسان بە بڕی نەوتی هەناردەکراو، رادەستبکات و ئەمەش نەکرا، بۆیە ناردنی پارە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک شایستە لە بودجەی گشتی چی دیکە نابێت.”

وەزیری دارایی عێراق راشیگەیاند: “پێشتر کاتێک پارەمان دەنارد، گفتوگۆکانمان لەسەر ئەو بنەمایە بوون کە نەوتەکە موڵکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و مافی دەرهێنانی ئەو نەوتەی هەبووە”، بەڵام ئێستا بابەتەکە جیاوازە.

عەلی عەللاوی وتیشی: پێشتر دانپێدانانێکی راشکاوانە هەبوو کە ئەوە نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئێستا بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق، هەرێمی کوردستان مافی نییە مامەڵە بە نەوتەوە بکات؛ هەرچەندە هەرێمی کوردستان بەم قسەیە رازی نابێت، بەڵام ئێستا ئەم نەوتە موڵکی ئێمەیە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button