مەسعود بارزانی: عێراق لە قەیرانێكی قوڵدایە

لڤین:

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی رایگەیاند، عێراق لە قەیرانێكی قوڵدایەو زۆرجار دەبیستین هەڕەشە لە هەرێم دەكەن، “ئەم هەرێمە بە خوێنی شەهیدان دروست بوە و بە خوێنی رۆڵەى شەهیدانیش دەپارێزرێت.” دەشڵێت: “ئەگەر دەستور بەلاوە بنێن و بە میزاجی بڕیاری نایاسایی بدەن ئەمە قابیلى قبوڵ نییە.”

لە عێراق لە ئۆکتۆبەرى رابردو هەڵبژاردن کرا، بەداخەوە نەیانهێشت ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە وەک خۆى بەڕێوە بچێت. ئێستاش عێراق لە قەیرانێکدایە، ئەوەى پێمان بکرێت، یارمەتی برادەرانمان دەدەین، لەو قەیرانە دەرچن، چونکە لە بەرژەوەندی هەرێمیشدایە. بەڵام لێتانی ناشارمەوە قەیرانەکە قوڵە.

لە بارەى هەرێم و بەغداوە، ئێمە وامان زانی دوای پەسەندکردنی دەستورى عێراق لە 2005 ئیدی ئەمە دەبێتە رێنیشاندەر و ماف و ئەرکی هەمو لایەک پیشان دەدات، ئەگەر پابەندی پێ بکرێت گرفتەکان چارەسەر دەکرێن. ئەو کاتیش وتم ئەم دەستورە نمونەیی و بێ کەموکورتی نییە، بەڵام دەستورێکی زۆر زۆر باشە، ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ دەوروبەرى خۆمان، دەستورێکی زۆر رێکوپێکە، بەداخەوە نە پێوەى پابەند بون و نە رێزی لێگیرا، ئەگەر بەغدا جددی بێت و ئیرادەی رێککەوتنی هەبێت، با دەستور حەکەم بێت، بەڵام دەستور بەلاوە بنێن و بە میزاجی بڕیاری نایاسایی بدەن و ئەو مافەى دەستور بە خەڵکی کوردستانی داوە لێی بستێننەوە، ئەمە قابیلى قبوڵ نییە.

جارێکی دیکە جەخت دەکەمەوە، کە پێویستە ئەو کێشانەى هەن بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، ئەگەر هەندێک کەس هەبن بیر لەوە بکەنەوە بە زۆری و چەک و هەڕەشە، قسە بکەن، خەڵکی لەوان بە تواناتر هەبون خۆیان تاقیکردەوە، ئەمە 100 ساڵە چیان دەستکەوتوە جگە لە ماڵوێرانی، لەمەودواش لەوە باشتر نابێت.

شەڕ خراپترین شتە، نابێت بیرى لێ بکرێتەوە، بەڵام لە شەڕ خراپتر تەسلیم بونە، ئێمە تەسلیم نابین.

زۆر جار هەڕەشە دەبیستین، هەڕەشەمان لێدەکەن، لە ناو خۆیشمان هەندێکیان دڵیان بەوە خۆشە ها چەند رۆژێک تەمەنی هەرێم ماوە، ئەم هەرێمە بە خوێنی شەهیدان دروست بوە و بە خوێنی رۆڵەى شەهیدانیش دەپارێزرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button