زانیاری ورد لەسەر کۆبوونەوەکانی نێوان پلاسخارت و لایەنە سیاسیەکان

لڤین:

لە ماوەی ڕابردوودا، جنین پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق دوو کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، کۆبوونەوەی یەکەم لە ڕۆژی 26 ی مانگی پێنج و بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی و نوێنەری لایەنە سیاسیەکانی تری هەرێم، هەروەها کۆبوونەوەی دووەمی لە ڕۆژی 9 ی ئەم مانگە لە بارەگای سەرۆکایەتی هەرێم ئەنجام دا.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەڵاحەدین بابەکر کارگێڕی مەکتەبی سیاسی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی، کە بەشداری هەردووکۆبوونەوەکەی نێوان پلاسخارت و نوێنەری لایەنە سیاسیەکانی کردووە، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاشکرادەکات.

پەیامی پلاسخارت بۆ لایەنەکانی هەرێم

کۆبوونەوەی ڕۆژی 26 ی مانگی ڕابردووی نێوان پلاسخارت و لایەنە سیاسیەکان، تایبەت بووە بە قەیران و ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە و هەوڵدان بۆ چۆنیەتی دەربازبوون لێ یان، لەوبارەیەوە سەڵاحەدین بابەکر بەدەنگی ئەمەریکای وت”پلاسخارت بەڕوونی بە لایەنە سیاسیەکانی وت، هەرێمی کوردستان لە بەردەم کۆمەڵێک ئاڵەنگاری و مەترسیدایە، بۆیە پێویستە لەنزیکەوە گفتووگۆ لەگەڵ یەکتری بکەن و ڕاشکاوانە تاوتوێی کێشە و قەیرانەکان بکەن، هەوڵی جدیش بدەن بۆ چارەسەرکردنیان.”

لە کۆبوونەوەکەدا، جنین پلاسخارت بە نوێنەری لایەنە سیاسیە کوردیەکانی وتووە، ساڵێک لەمەوبەر کاتێک باسی زۆنی سەوز و زەردمان کردووە، ئەم وتەیە ناونیشانە بۆ کۆمەڵێک گرفتی گەورە لە هەرێم، دوای ساڵێک هەستمان کرد، شتەکان وەکخۆیانن و هیچ گۆڕانکاریەک ڕوویاننەداوە، بۆیە جارێکی تر داوامان لەهەر سێ لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن کرد، پێکەوە کۆببنەوە و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن، ئەمەش بەپێی وتەی سەڵاحەدین بابەکری بەشداربووی کۆبوونەوەکە.

ناوەڕۆکی مەترسیەکان

دەربارەی ئەو مەترسیانەی سەر هەرێم کە پلاسخارت بە لایەنە کوردیەکانی گەیاندووە، سەڵاحەدین بابەکر کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی و بەشداربووی کۆبوونەوەکە، بەدەنگی ئەمەریکای وت”مەترسیەکان هەندێکیان هەرێمایەتین، هەندێکیان مەترسین لەبەغداوە بۆ سەر هەرێم، هەندێکیشیان مەترسی ناوخۆیین.”

بەرپرسەکەی یەکگرتووی ئیسلامی ڕوونیکردەوە، ناوەڕۆکی مەترسیەکان لای هەموو لایەک ڕوونە، وتی”هەرێم کێشەی ناوخۆیی هەیە، لایەنەکانی دەسەڵات کێشەیان هەیە، یەکێتی و پارتی لەسەر نەوت و پۆستی سەرۆک کۆمار و زۆر شت کێشەیان هەیە، قەیرانی ناوخۆیی بەرۆکی هەرێمی گرتووە، قەیرانی ئاو و کارەباو سوتەمەنی، قەیرانی نائومێدی، قەیرانی نەدانی موچە لە کاتی خۆیدا لە کاتێکدا نرخی نەوت بەرزبووەتەوە، بوونی کێشەی نێوخۆیی، گرفتی گەورەی نێوان هەرێم و بەغدا، بڕیاری دادگای فیدراڵی دژی نەوت و گازی هەرێم، هەڕەشەی هەرێمایەتی، موشەک بارانی هەرێم، هەموو ئەوانە مەترسین لەسەر قەوارەی هەرێم، بۆیە پێویستە لایەنەکان کێشە نێوخۆییەکان چارەسەربکەن، تا بەرامبەر ئەو مەترسیانە ڕاوەستن.”

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم

لە ڕۆژی 9 ی ئەم مانگە، لە بارەگای سەرۆکایەتی هەرێم و بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، جنین پلاسخارت لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسیەکان کۆبوونەوەی دووەمی ئەنجامدا.

سەڵاحەدین بابەکر کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو، گوتی”کۆبوونەوەی دووەم، تایبەت کرابوو بە پرسی هەڵبژاردن، چونکە دەکرێت لەڕێگەی هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی پەرلەمان و حکومەتی تازە، کۆمەڵێک لەکێشەکان چارەسەر بن، بە تایبەت لە ڕۆژی 6/11 ی ئەمساڵ پەرلەمانی کوردستان وادەی تەواو دەبێت.”

گوتیشی”پلاسخارت ڕای وابوو، نابێت هەڵبژاردن دوا بکەوێت، چونکە شەرعیەتی هەموو دامەزراوەکان پەیوەندیدارە بە هەڵبژاردنەوە، بۆیە دەبێت کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە و هەڵبژاردن بکرێت، بە تایبەت ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەڵگەشە لەسەربوونی دیموکراسیەت.”

بەپێی وتەی بەرپرسە باڵاکەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، زۆربەی لایەنەکان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دا بوون، بەڵام زۆر گفتووگۆ لەسەر کات و یاسای هەڵبژاردن کراوە و لەو ڕووەوە ناکۆکی هەبووە.

سەڵاحەدین بابەکر وتی”بۆ چارەسەرکردنی کاتی هەڵبژاردن و هەمواری یاساکە، بڕیاردرا، کۆبوونەوەیەکی تر بە بەشداری بەرپرسی هەڵبژاردنی لایەنەکان لە ماوەی هەفتەی داهاتوو بکرێت، لەوێ گفتووگۆ لەسەر هەموو خاڵە کۆک و ناکۆکەکان بکرێت و وەرەقەیەک ئامادەبکرێت، تا بکرێتە وەرەقەی هاوبەشی لایەنەکان.”

جەختیشیکردەوە”دواتر بڕیاربدرێت لەسەر دیاریکردنی ڕۆژێکی تازە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کەڕەنگە بکەوێتە سەرەتای ساڵی داهاتوو، یاخود ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو.”

وەڵامی بافڵ تاڵەبانی و فازڵ میرانی بۆ پلاسخارت

سەبارەت بە وەڵامی بافڵ تاڵەبانی و فازڵ میرانی بۆ ئەو مەترسیانەی کە لە کۆبوونەوەی یەکەمدا پلاسخارت خستوویەتیە ڕوو، سەڵاحەدین بابەکر وتی”ئەوانیش وەکو ئێمە، هەست بە مەترسیەکان دەکەن، مەترسیەکان شاراوەنین، لەگەڵ ئەوەبوون چارەسەر بکرێن و مەترسیەکان دووربخرێنەوە، چونکە مەترسیەکان سێ لایەنە بوون، مەترسی هەرێمایەتی، ناوخۆیی، مەترسی عێراق بۆ سەر هەرێم، گەر پارتی و یەکێتی کۆک بن، ئاسانتر دەتوانن بەهاوکاری لایەنەکانی تر بەسەر کێشەو مەترسیەکاندا زاڵ بن.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button