شەپۆلێكی خۆڵبارین ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات

لڤین:
بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، پلەكانی گەرما بەجێگیری ئەمێننەوە و سبەینێ لە كاتەكانی ئێوارە و شەودا خۆڵبارین هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی ڕایگەیاند، سبەی پێنج شەممە ٩-٦-٢٠٢٢ ئاسمانی ھەرێم ساماڵ ئەبێت و لە ئەنجامی ھاتنی بارستە ھەوایەكی فێنك لەدەریای ناوەڕاستەوە ئەگەر ھەیە كاتەكانی ئێوارە و شەو لە ئەنجامی زیادبوونی خێرایی با شەپۆلێكی خۆڵبارین بەڕێژەیەكی مامناوەند لە ناوچە سنورییەكانی ڕۆژئاوای عێراقەوە ھەرێمی كوردستان بگرێتەوە.
ڕاشیگەیاند، كاریگەری زیاتری خۆڵبارین لەسەر ناوچەكانی سەنتەری پارێزگای ھەولێر و كەركوك ئەبێت و ماوەی خایاندنی كورت ئەبێت و لەبەرەبەیانی ڕۆژی ھەینی ١٠-٦-٢٠٢٢ كاریگەری كەم دەبێتەوە و نامێنێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، پلەكانی گەرما ئەمڕۆ بەرێژەیەكی بەرچاو بەراورد بە دوێنێ نزمبوونەوە و سبەیش زیاتر بە شێوەیەكی جێگیر ئەمێننەوە و خێرایی با كاتەكانی دوای نیوەڕۆ بۆ ئێوارە مامناوەند بۆ نیمچە بەھێز چالاك ئەبێت لە ئاڕاستەی باشووری ڕۆژئاواوە بەخێرایی ٢٠ تا ٤٥ كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا.