هەرێم و پلاسخارت و مەترسی !

دڵشاد انوەر

هۆشداریەکانی پلاسخارت و بوونی مەترسی لەسەر هەرێم کاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێک هۆشداریەکانیان بەجدی وەرگرت و بەشيکیش بەسیناریۆ، بەشيک پلاسخارتیان تۆمەتبار کرد و بەشێکیش وەکو دڵسۆز وێنایانکرد.
هەرێم گەر وڵاتێکی دامەزراوەیی بایە، گەر خاوەنی دامەزراوە و دام و دەزگای نیشتیمانی بایە، گەر عەقڵیەتی شەخس و گروپی دابڕاو و بێ ئاگا بەڕێوەی نەبردایە، گەر حیزب و بەدیاریکراوی یەکێتی و پارتی هاوشێوەی ئێستا وێران و داغانیان نەکردبا، مەترسیەکان ڕوونن، هۆشداری پلاسخارتی نەدەویست!
ساڵی ٢٠١٧ هەموو دونیا بە دەسەڵاتدارانی هەرێمیان وت، ڕیفراندۆم ئەنجام مەدەن، هەر ئەنجامیاندا، دواتر ئەو گەلەکۆمە نێوخۆیی و ئیقلیمیەی لێ بەرهەم هات، کەبەچەند ڕۆژێک، دەیان شار و شارۆچکە لەکورد وەرگیرایەوە، دواتریش ڕەخنە لە کۆمەڵگای نێودەڵەتی دەگیرا بۆچی لەسەر هەرێم نەهاتوونەتە جواب!
ئێستاش نوێنەری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هۆشداری بەهەرێم دەدات، ئاگاداریان دەکاتەوە لەبەرزی ئاستی گەندەڵی، لە پەرتەوازەیی، لە دابڕانی خەڵک و دەسەڵات..هتد، کەچی تۆمەتبار دەکرێت!
با لە ڕابردوو گەڕێین، چونکە گەر چاو بەمێژوودا بخشێنینەوە، ئەو فاکتەرانەی میرنیشین و دەسەڵاتدارە کوردەکانی لە ڕابردوودا ڕووخاندووە، ئەو شەڕە دەنووکەی لە ڕابڕدوودا هەبووە، ئێستا بەزیادیشەوە هەیە، گرنگە زووم بخەینە سەر مەترسیە ئێستاییەکان.
هێرشی تورکیا و زەنگە مەترسیدارەکە
ڕەنگە هێرشی بەردەوامی تورکیا لە ناوچە سنوریەکانی هەرێم بە ڕووداوێکی ئاسایی و دووبارە و کاتی لێکبدرێتەوە، بەڵام پشت بەزانیاری، گەر لە نیەتی تورکیا بکۆڵرێتەوە، هێرشی ئەمجارە چی بە ئاراستەی کوردستانی عێراق، چی بە ئاراستەی کوردستانی سوریا، ئەجێندایەکی زۆر مەترسیداری لە پشتەوەیە.
شەڕی ئەمجارە زۆر قورس و نابەرامبەرە، هەموو ڕۆژ شەڕە، چ شەڕێک…
جارێک تورکیا بە ئاراستەی کوردستانی سوریا، بەبیانووی دروستکردنی ناوچەی ئارام، دەیەوێت ٥٠٠ هەزار مورتەزەقەی سوری لەناوچە سنوریەکان نیشتەجێ بکات و کۆمەڵگایان بۆ دروست بکات، تەبعەن گەر بۆی بچێتە سەر.
دروستکردنی کۆمەڵگا بۆ ئەم مورتەزەقانە بۆ ئەوە نیە لەو سنورە ژیانی ئاساییان پێ ببەخشێت، چونکە ئەو سنورە جێی ژیان و کەسابەت نیە، بەڵکو پارەیان پێدەدات و چەکداریان دەکات و دەیانژێنێت، پارەیان پێدەدات لەبەرامبەر چی؟
بێگومان لەبەرامبەر دابڕانی باشور و ڕۆژاوا، لەبەرامبەر دروستکردنی ناسەقامگیری هەمیشەیی، لەبەرامبەر لە قاڵبدانی هەردوو قەوارە سیاسیە کوردیەکەو دروستکردنی سەرئێشەی بەردەوام بۆیان.
ئامانجی تورکیا تەنها ڕۆژاوا و سەرێشە دروستکردن بۆ ڕۆژاوا نیە، بەڵکو چاویشی لەسەر عێراق و ناو هەرێمی کوردستانیشە، تورکیا دەیەوێت لەشکرکێشیەکانی درێژە پێبدات و زیاتر داخل ببێت، بە ئامانجی ئەوەی دەستی بگاتە ناوچە سونیەکانی عێراق و لەناوخۆی هەرێمیش ئەکتیڤ تر بێت، گەر دیقەت بدەن، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق لە جاران چالاکترە، جوڵەی درۆن و تەنانەت ئیغتیالاتی تورکی لە ناو هەرێم ئەکتیڤتر بووە.
تورکیا زۆر هەوڵیدا تەنگ بەهێزەکانی پەکەکە هەڵچنێت لەدیوی پشدەرەوەو بە ئاراستەی ئەم زۆنە، تا ئێرە بکاتە گۆڕەپانی شەڕ لەگەڵ پەکەکە، بەڵام تا ئێستا سەرینەگرتووە، بۆیە تاکتیکەکەی گۆڕی بۆ لێدانی ئاسمانی و بەئامانج کردنی کەسی، وەک ئەوەی لە سنوری چەمچەماڵ و ماوەت و پێنجوێن و ناو سلێمانی بینیمان.
تورکیا بەمانەوە کۆڵ نادات، ئامانجیەتی ڕۆڵی لەداهاتووی عێراق هەبێت، ئامانجیەتی ببێتە خاوەنی هێزی سەربەخۆ لەناو عێراق، بەرژەوەندی ئابووری لە عێراق و هەرێم هەیە، لە نێو عێراق و هەرێمیش هێزگەلێک بەرژەوەندیان لەگەڵی هەیە، کۆی هەموو ئەمانە، چاوەڕوانی باشیان بۆ داهاتووی ئەم هەرێمە جێ لەقە، فرە خاوەنە لێ ناکرێت.
عێراق و هەرێم
هاوکات لەگەڵ جوڵەکانی تورکیادا، عێراق لە لاوازی پێگەی هەرێم تێگەیشتووە، لە نەمانی متمانە لە نێوان خەڵک و حیزبەکان دڵنیابووە، بۆیە لە ڕێگەی دادگاوە بڕیار لەدوای بڕیار دژی هەرێم دەردەکات، بێگومان ئەم بڕیارانە جوڵەی تریشیان بەدوادا دێت، چونکە یاساییەن دەستی عێراق کراوە دەکات.
گەورەترین هەڵەی هێزە کوردیەکان بە جیا ڕۆیشتنیان بوو بۆ بەغدا، لەوەش گەورەتر متمانە کردن بوو بەسەدر، لەویش هەڵەتر ورورژاندنی ئێران و هێزە شیعە دەسەڵاتدارەکان بوو لە دژی هەرێم.
موشەک بارانکردنی هەولێر، دەرچووونی بڕیاری گرتنەکان، سکاڵاتۆمارکردن لەسەر پارتی و زۆر شتی تریش کە بەڕێگەوەن، لەگەڵ بە نایاسایی ناساندنی نەوت و گازی هەريم لەلایەن دادگای فیدراڵی، هەمووی دەرئەنجامی بوون بە تەرەف بوو لە کێشەی نێوماڵی شیعی.
سیناریۆی تریش لە ئارادایە، وەکو لەشکرکێشی بۆ سەر ئەو بیرە نەوتیانەی دوای ٢٠٠٣ کەوتوونەتە دەست کورد، لەکاتێکدا بەشێکی زوری ئەو موچە نیوە ناچڵەی دەدرێ لە پارەی نەوتی ئەو بیرانەیە، هەروەها گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایئ بەرامبەر تەواوی ئەو کۆمپانیا نەوتیانەی مامەڵەیان لەگەڵ هەرێم کردووە، یاخود بڕینی ئەو پارەی لەبەغداوە دێت و زۆر ڕێوشوێنی تر.
کاتێک پلاسخارت هۆشداری دا بە بەرپرسانی هەرێم، تێدەگات لە پلان و نیەتی داهاتووی دەسەڵاتدارانی عێراق، بەڵام ئەوەی مەست و حەیرانە تەنها کورد و دەسەڵاتەکەیەتی!
هەرێم لە نێوان دوو بەرداشدا
هەر وڵاتێک بگرە تەنانەت هەر کەسێکیش خاوەنی ئابووری سەربەخۆبوو، ئابووری سەربەخۆ دەبێتە بنەمایەک بۆ پێشەکەوتن لەهەموو بوارەکانی تر، بەڵام ئابووری هەر وڵاتێک لەقبوو، یاخود لەژێر کۆنترۆڵی وڵاتێکی تردا بوو، ئەستەمە ئەو وڵاتە خۆی بگرێتەوە.
هەرێم مل بەعێراق نادات، نەوتی خۆی لە ڕێگەی تورکیاوە دەفرۆشێت، لەکاتێکدا ڕەنگە ئەم مامەڵە ئابووریەی هەرێم گرێدراوی شەخسی ئەردۆغان و پارتەکەی بێت.
پرسیارەکە ئەوەیە، دوو سبەی گەر پارتەکەی ئەردۆغان لەدەسەڵات نەما، پارتی دەسەڵاتداری داهاتوو چۆن مامەڵە لەگەڵ نەوتی هەرێم دەکات؟
یاخود سبەی مامەڵەی هەرێم لەگەڵ تورکیا، هێزە شیعەکان و عێراقی توڕەکرد و پەلاماری نەوتی هەرێمیان دا، ئایا تورکیا شەڕ بۆ کورد دەکات؟ یاخود دەچێتە ڕێککەوتنەوە لەگەڵ عێراق؟
ڕەنگە پارتێکی کوردی هاتنی تورکیای پێخۆش بێت، یاخود بەلانی کەمەوە لێی نیگەران نەبێت، تموحی ئەوەی هەبێت لە فشاری ئێران و هێزە شیعەکانی نزیکی بیپارێزێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە گەرەنتی چیە ئەم لەشکرکێشیانە ڕێککەوتنی ئیقلیمی و فرۆشتنی کوردیان بەدوادا نایەت، چونکە هاوکێشەکان ڕوونن، وڵاتە ئیقلیمیەکان چەند ناکۆک بن، هێندەش بەرژەوەندیەکانیان گرێدراوی یەکە، یاخود بەلای کەمەوە لەسەر سڕینەوەی بوونی سیاسی کورد هاوڕان.
بۆیە پلاسخارت کاتێک هۆشداری دەدات، تورکیا لەولاوە هێرش دەکات، لەملاوە پلانی پەلاماردانی نەوت هەیە، لە بەغداوە بەڕەتڵ سکاڵا لەسەر هەرێم تۆمار دەکرێت، دەیانی هێز و گروپ لە ئامادەباشیدان دژی ئەم سێ پارێزگای ناوی هەرێمە، لەناوخۆی هەرێمیش شتێک نەماوە بەناوی دامەزراوە و حوکمڕانی، چی لەمە مەترسی تر ؟

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button