هەپەگە کوژرانی ١٦ سەربازی تورکیای ڕاگەیاند

لڤین:
هەپەگە ڕایگەیاند، لە چالاکییەکانی دوو ڕۆژی ڕابردووی گەریلاکاندا لە ناوچەکانی زاپ، مەتینا، ئاڤاشین و خواکورک، ١٦ سەربازی تورک سزادراون و پێنجی دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی چالاکییەکانی ڕۆژانی ١ و ٢ی حوزەیرانی گەریلا دژی سوپای تورک بڵاوکردوەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە، گەریلاکان لە چوارچێوەی هەڵمەتی هەڵۆکانی زاگرۆسدا لە ڕۆژی ٢ی حوزەیران زنجیرەیەک چالاکاییان لە زاپ و ئاڤاشین دژی سوپای تورک ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا چوار داگیرکەر سزادراون و داگیرکەرێکیش برینداربووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ڕۆژی ٢ی حوزەیران داگیرکەران هەوڵیانداوە بەرەو گردی شەهید عاکیف بچن لە گردی هەکاریی مەتینا، گەریلاکان لە دوو قۆڵەوە ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و لە ئەنجامدا دوو داگیرکەر سزادراون و دوو داگیرکەریش برینداربوون.