جەنگ لە ئۆکرانیا بەردەوامە

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێکی دەنگی ئەمریکا، کۆماندارێتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، شەڕ بەردەوامە لە شاری سێڤیرۆدۆنتسک ، نزیکەی 60 کیلۆمەتر (40 میل) باکووری ڕۆژهەڵاتی لیمان گەورەترین شاری دۆنباس لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، لەوەتای ئۆپەراسیۆنی هێرشبەرانەی هێزەکانی ڕووسیا لە ڕۆژی شەممەوە دەستیپێکردووە.

کۆماندارێتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لە ماڵپەری تایبەتیان لە فەیسبووک بڵاویکردەوە: “هێزەکانی ڕووسیا بە بەکارهێنانی تۆپخانەکانیان لە ناوچەی سێڤیرۆدۆنتسک ئۆپەراسیۆنی هێرشبەرانەیان ئەنجام داوە”

پارێزگاری هەرێمی لۆهانسک لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ڕایگەیاندبوو کە سوپای ڕووسیا چوونەتە ناو سێڤیرۆدۆنتسک کە گەورەترین شارە لە دەستی ئۆکرانیا لە ناوچەی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتدا، پاش ئەوەی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک هەوڵی گەمارۆدانی سەربازانی ئۆکرانی لە سیڤیرۆدۆنتسک دابوو.

سیرهی گایدای، پارێزگاری لۆهانسک وتی: “دۆخەکە زۆر خراپتربووە”

ناوبراو، وتیشی” تۆپباران زۆرتر بووە، و نەتوانراوە زیانەکان بخەمڵێنین، هەرچەندە ڕۆژی شەممە دوو کەسی کوژران و 13 بینای دیکەی شارەکەش وێرانبوون.”

شەڕو پێکدادان لە هەرێمەکانی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا پەرەی سەندووە، و مۆسکۆ لە ڕۆژی شەممەدا دووپاتی کردەوە کە جیاخوازانی سەر بە ڕووسیا دەستیان گرتووە بەسەر شارۆچکەی ستراتیژی لیمان کە دەروازەیەکی سەرەکییە بۆ شارە گەورەکانی سلۆڤیانسک و کراماتۆرسک.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە دوای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی یەکەکانی میلیشیای کۆماری گەلی دۆنیتسک و هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا، شارۆچکەی لیمان بەتەواوی لە ئۆکرانییە نەتەوە پەرستەکان ئازادکردووە.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە ڕۆژی هەینیدا لە بەیاننامەیەکی ڤیدیۆیدا دانی بەوەدا نا کە “بارودۆخی دۆنباس زۆر سەختە”. بەڵام گوتیشی” ئەگەر داگیرکەران پێیان وایە لێمان و سێڤیرۆدۆنتسک بۆ ئەوان دەبن، ئەوا بە هەڵەدا چوون چونکە دۆنباس هەر ئۆکرانی دەبێت”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button