حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی دۆسیه‌ی نه‌وت و غاز وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ده‌داته‌وه

لڤین:
د. ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی دانوستانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ سه‌باره‌ت به دۆسیه‌ی نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان بە میدیای نزیک لە سەرۆکی حکومەتی رایگه‌یاند، دوای سه‌ردانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، وه‌زاره‌تی ناوبراو پرۆپۆزه‌ڵێكی بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناردووه و ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم سه‌رقاڵی تاوتوێكردنی ئه‌و پرۆپۆزه‌ڵه‌یه.
هه‌وره‌ها گوتی: له نزیكترین كاتدا تا كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به فه‌رمی وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ده‌داته‌وه.
جه‌ختیشیكرده‌وه، له چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا، كاری پێكه‌وه‌یی و هه‌ماهه‌نگیی و گفتوگۆكان به‌رده‌وام ده‌بن.
سه‌باره‌ت به بڕیاری دادگای فیدراڵیش له‌باره‌ی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دووپاتیكرده‌وه، هه‌ڵوێستی هه‌ر چوار سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونه و پێشتریش له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه جه‌حتی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه.
گوتیشی: سه‌باره‌ت به مامه‌ڵه‌ی ئینتیقائی له‌گه‌ڵ بڕیاری دادگای فیدراڵیش، بۆ نموونه له ساڵی 2019 دادگای باڵای فیدراڵ بڕیارێكی بۆ پێناسه‌كردنی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان و جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 و پابه‌ندكردنی حكومه‌تی فیدراڵ به جێبه‌جێكردنی ئه‌و مادده‌یه ده‌ركردووه، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و بڕیاره جێبه‌جێ نه‌كراوه و هیچ به‌دواداچوونێكیش له‌لایه‌ن هیچ ده‌موده‌زگایه‌كه‌وه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته نه‌كراوه.