سەردەشت بکوژە یان کوژراو؟!

حوسێن عەلی شەریف

لە ساڵیادی شەهیدبوونیدا، زۆر ئەبیستم کە خەڵکی داوای تۆڵەی خوێنی سەردەشت عوسمان ئەکەن!
ئەرێ هەربەڕاست بۆ بەدیهینانی عەدالەت لەم کەیسەدا ئەبێت کێ داوای تۆڵە لە کێ بکات؟
بۆئەوەی زوڵم لەکەس نەکرێت، ئەبیت قەبارەی زیان و ڕادەی ئەو برینە سەیربکەین و بپێوین کە لە جەستەی هەردوو بەرەکدا هەیە!
جەستەی سەردەشت و جەستەی بکوژەکانی!
لە سەردەمی خەونی موزەیەفی کوردایەتیدا، لە گەرمەی بەنجی تەخدیری شەرعیەتی شۆڕشگێڕیدا، لەو سەردەمەدا کە خەڵکی خۆی بە ڕەعیەت و ئەوانی بە خودان ئەبینی، سەردەشت هات و یەک سەتڵ ئاوی ساردی لەگەرمەی ئەو خەونانەدا کرد بەسەر ئەم میلەتەدا و بێداری کردنەوە!
سەردەشت هات و دیوە تاریکەکەی ئەوانی نیشانی خەڵکی دا، ڕوە ڕاستەقینەکەی کەشفکردن و درۆی دیموکراتی و ئیدیعای شۆڕش بۆ گەلی، بەتاڵ کردنەوە!
بەرلەوەی ئەوان تیرۆری بکەن، سەردەشت ئەوانی کوشتبوو، بەرلەوەی لە ناوی ببەن سەردەشت ژەهری تلیاکی پیرۆزی ئەوانی لە خوێنی زۆرینەماندا پاکژ کردبوویەوە و لە هزری زۆرینەماندا تەرمی ئەوانی خستبوو!
ئێستاش لە دوای جەنگی ئەوان و سەردەشت، ئەوە ڕەوای حەق نیە کە خەڵکی داوی تۆڵەی خوێنی سەردەشت بکەن، چونکە کوژراو ئەوانن و سەردەشت زیندو!
ئەوە سەردەشتە بوەتە مۆتەکە و ناهێڵیت بە ئارامی بخەون!
ئەوە ئەوانن کە لە هەموو سەفەرێکیاندا هەر لەسەر پەیژەی فڕۆکەکەوە بەترسەوە سەیری شاشە و چواردەوری خۆیان ئەکەن و هەموو وێنەیەکیان لێ ئەبێتە وێنەی سەردەشت عوسمان!
ئەوە سەردەشتە لە کۆڕ و کۆبونەوە ڕەسمیەکانی وڵاتاندا هەمیشە لەبەرچاویان ئامادەیە!
ئەوە سەردەشتە زمانیان لەبەردەم رۆژنامەوان و دەزگا ئیعلامیەکانی جیهاندا پێ قوفڵ ئەکات و بەشێوەیەک ئەیانترسێنێت، کە بەر لە پرسیاری هەر رۆژنامەوانێک، ئەمان ڕەنگیان زەرد هەڵئەگەڕێت و لێویان وشکئەبێت و ئەترسن پرسیارەکە دەربارەی سەردەشت بێت!
ئەوان یەک جار فیشەکیان نا بە سەری سەردەشتەوە، بەڵام سەردەشت ڕۆژی دە جار ئەوان ئەکوژێت!
ئەو رۆژەشی کە تەرمی سەردەشتیان لەو چۆڵەوانیەدا بەجێهێشت، بەرلەوەی بگەنەوە شار، سەردەشت لە ناو حەوشەی زانکۆکەدا پیاسەی ئەکرد.
بەرلەوەی خوێنی دەستیان بشۆن، سەردەشت لە پارکی گلکەندا ئەو گوڵە سورە جوانەبوو کە عاشقەکان وێنەیان لەگەڵدا ئەگرت!
خۆ سەردەشت نەمردوە تا خەڵکی داوای تۆڵەی خوێنی بکەن، عومری ئەو هێندە دریژە کە مەرگی دەیان نەوەی تریان ئەبینێت!
خۆ سەردەشت نەمردوە تا ئێمە پرسەی بۆ بگێڕین و داوای حەقی خوێنەکەی بکەین، ئەوەتانێ بە هەزاران ئینسانی قەڵەمفرۆش و زمانفرۆشی ڕۆژنامە و شاشەی تەلەفزیۆنەکان ناتوانن بەرانبەری بوەستن!
ئەوەتانێ سەدان هەزاران مەقالە و نوسراوی ناو میدیاکانیان ناتوانن لە هزری دوو کەسدا جێگیر ببن، بەڵام بە هەزاران ئینسانی ئەم میلەتە هێشتا وتەکانی سەردەشت ئەکەن بە سەردێڕی نوسینەکانیان!
وێنەکانی ئەوان تەنها لە بارەگای حیزبەکانیاندا هەڵئەواسرێت و وێنەکانی سەردەشتیش لە ناو دڵی ئەم میلەتەدا هەڵواسراوە!
کەواتە ئەوە سەردەشت نیە کە کوژراوە، ئەوە ئەوانن کە بەدەستی سەردەشت تا لێواری مەرگ ڕۆشتوون!

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button