نێجیریا.. نزیکی ٨٠٠ کەسی بارمتە لەژێر دەستی تیرۆریستان رزگارکران

لڤین:
سوپای نێجیریا لە میانی ژمارهیهك ئۆپەراسیۆنێدا توانی لە ماوەی سێ ھەفتەدا ٧٩٨ کەسی بارمتەی مەدەنی لە ژێر دەستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی بۆکۆ حەرام و داعش لە رۆژئاوای ئەفریقا رزگاربکات.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای نێجیریا، جەنەڕاڵ بێرنارد ئۆنیەکۆ، ئاشكرایكرد سوپا لەنێوان رۆژانی ٧-٢٨ نیسان ئۆپەراسیۆنی لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی ھەرێمی بۆرنۆ لە دژی بۆکۆ حەرام و داعش ئەنجامداوە.
بێرنارد ئۆنیەکۆ ئاماژەی بەوە کرد لە ئۆپەراسیۆنەکاندا توانراوە ٧٩٨ بارمتە لەژێر دەستی تیرۆریستەکان رزگاربکرێن.
ئۆنیەکۆ باسی لەوەش کرد کە لە ئۆپەراسیۆنەکاندا ژمارەیەکی زۆر تیرۆریستیان لە چالاکی خستووە و کەمپی مەشقپێکردنی رێکخراوەکان و پێداویستیی لۆجیستیشیان لەناوبردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھیچ زانیارییک لەسەر کاتی دەستبەسەرکردنی بارمتەکان نەدراوە.
رێکخراوی تیرۆریستیی بۆکۆ حەرام لە ساڵی ٢٠٠٠دا لە نێجیریا سەری ھەڵدا و بەھۆی پەلامارەکانی رێکخراوەکەوە لە ساڵی ٢٠٠٩وە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ ھەزار کەس کوژراون.
لە ساڵی ٢٠١٥وە بۆکۆ حەرام چالاکییەکانی بردووەتە وڵاتانی دراوسێی نێجیریا وەک کامێرون، چاد و نهیجەر و دیارترین پەلاماریشی ھێرشکردنە سەر دەورووبەری دەریاچەی چاد بوو کە تیایدا زیاتر لە دوو ھەزار کەس کوژران.