داوای لێپرسینەوە لە مەسرور بەرزانی دەکرێت

لڤین:

لەسەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستان، پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا داوا دەکات حکومەت و پەرلەمانی عێراق لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بکات و دەڵێت: سەردانەکەی بارزانی بەر لە دەستپێکردنی هێرشەکان، وەک هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بوو بۆ تورکیا.

ئەحمەد سوفی، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی هێرشە داگیرکارییەکەی ١٧ی نیسانی دەوڵەتی تورکیا بۆ باشووری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: ئەو ڕاستییەی کە زۆرێک لە سیاسەتمەداران لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بێدەنگن، وامان لێدەکات بە گومانەوە سەیری ئەوە بکەین کە چی دەکەن.

وتیشی: هەندێک لە سیاسەتمەداران بەرژەوەندیی هاوبەشیان لەگەڵ تورکیا هەیە، بۆیە بێدەنگن لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی تورکیا، کە دووبارە کراونەتەوە و بە زەقی.

لەبارەی سەردانی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا بەر لە دوو ڕۆژ لە دەستپێکردنی هێرشەکەی دەوڵەتی تورکیا، سۆفی دەڵێت: تۆپبارانەکانی تورکیا دوو ڕۆژ دوای ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیای کرد، وەک ئەوەیە گڵۆپی سەوزی پێدابێت.

ئەو پەرلەمانتارە داواش لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق دەکات، لێپرسینەوە لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن لەسەر هەڵوێستەکانی پەیوەست بە بۆردوومانەکانی تورکیا، “بەتایبەتی دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ ئەنقەرە”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button