میدیای یەکێتی: لە داستانی كۆڕێ كاك مەسعود جەمەدانیەكەی فڕێدا

لڤین:

بەشدارێكی داستانی كۆڕێ وردەكاری و زانیاری نەبیسراوی داستانەكە ئاشكرا دەكات و دەڵێت: بەری رۆژئاوای كۆڕێ كە پارتی و شیوعی و سۆسیالیسی لێبوو لەماوەی 10 دەقیقەدا بۆ رژێمیان چۆڵكرد، بەڵام بەری رۆژهەڵات یەكێتی لێ بوو هێزەكەی بەعس نەیانتوانی بیگرن.

دەشڵێت: كاتێك هێزەكانی یەكێتی بەری رۆژئاوایان گرتەوەو شەڕەكە تەواو بوو، كاك مەسعود لەبەرچاوی هەموو ئەو ئاغایانەی لەوێ بوون و زیاتر لە 300 پێشمەرگەو فەرماندەی ئامادەبوو جەمەدانییەكەی لەسەری هێنایە خوارەوەو لەناو دەستەكانیدا گرتی و وتی “كاك كۆسرەت من ئەو هێزەی ئێوەم لەبەردەست بێت شەڕی هەموو دنیا دەكەم”.

عەبدوڵڵا چۆمانی فەرماندەو پێشمەرگەی دێرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لەگەڵ شەهید حەسەن كوێستانی بەشدارێكی سەرەكی داستانی كۆڕی بووەو 31 ساڵ پێش ئێستا لەلایەن فەرماندەو پێشمەرگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بەخوێنی 9 پێشمەرگەی یەكێتی تۆماركرا، بەوردی رووداوەكانی داستانەكە بۆ میدیای یەکێتی گێڕێتەوەو دەڵێت: لەگەڵ شەهیدی فەرماندە حەسەن كوێستانی بارەگامان لەناو حوجران بوو لەدەربەندی كۆڕێ، دوای بانگی بەیانی رۆژی 11ی 4ی 1991 سوپای رژێمی روخاوی بەعس هێرشی بۆ كۆڕێ كرد، لەبەری رۆژهەڵاتی چیای كۆڕێ هێزەكانی یەكێتی و هێزی زەحمەتكێشان و چەند پێشمەرگەیەكی بزوتنەوەی ئیسلامی لێ بوون، لەبەری رۆژئاواش پارتی و شیوعی و حزبی سۆسیالیستی لێ بوو، هەر دوای دەستپێكردنی هێرشەكە هێزەكەی رژێمی بەعس بەماوەی 10 دەقیقە بەری رۆژئاوایان كۆنترۆڵكرد كە پارتی و حزبەكانی تری لێبوو، ئەو هێزانە بەرەو شەقڵاوا هەڵهاتن، بەڵام بەری رۆژهەڵات كە یەكێتی لێ بوو پێیان نەگیرا.

وتیشی: كاتێك سوپای بەعس بەری رۆژئاوای كۆنترۆڵكرد، شەهید حەسەن كوێستانی هاتەدەرەوەو سەیریكرد شەڕەكەیە، دۆشەكەیەكمان لابوو، هیوا دۆشكەی لەسەر بوو، دەستیكرد بە تەقەكردن، لەدەوری سەعات 8ی بەیانی كاك كۆسرەتیش بەهێزێكەوە گەیشتە لامان و دوای گفتوگۆ لەگەڵ شەهیدی فەرماندە حەسەن كوێستانی هێزەكانی یەكێتی هێزەكەی رژێمیان تێكشاندن تا دەربەندی كۆڕێ هەڵهاتن و نەیانتوانی سەنگەرەكانی یەكێتی بگرن.

عەبدوڵڵا چۆمانی دەشڵێت: دوای تێكشاندنی هێزەكەی رژێم، حسێن ئاغی سورچی و كەریم خانی برادۆست و محەمەد قادر ئاغاو ئاغاكانی ماڵی عوسمان بەگی شەقڵاوە هاتن و باسیان لەوەكرد چی بكرێت، كاك كۆسرەت وتی دەبێت بەری رۆژئاواش كۆنترۆڵبكرێتەو‌ە، لەوكاتەدا كاك مەسعود بارزانی هات و لەگەڵ كاك كۆسرەت و شەهید حەسەن كوێستانی قسەی كرد، كاك كۆسرەتیش لەگەڵ شەهید حەسەن كوێستانی وتیان هێزەكانی ئێوە لەوێ بوون و چۆڵتان كردوە، بەڵام لەبەرچاوی هەموو ئامادەبوان كە ئاغاكانی لێ بوو وتی ئێمە ئێستا دەیگرینەو‌ە، دواتر هێزەكانی یەكێتیان بانگ كرد كە سەفین مەلا قەرە، مام غەفور، عەبدوڵڵا بۆرو شەهید تەحسین كاوانی ئامادەبوون لەگەڵ عومەر ناسرو كۆمەڵێك كەسی تر، دواتر هێزەكانی یەكێتی هێرشیان بۆ بەری رۆژئاوای كۆڕێ دەستپێكردو لەماوەی 20 دەقیقەدا ئەو سەنگەرانەی پارتی و حزبەكانی تر بۆ سوپای رژێمیان چۆڵكردبوو كۆنترۆڵیان كردەوەو لەوێش هێزەكانی رژێمیان تێكشاندو ژمارەیەك سەربازیان كوشت و دەستكەوتیشیان هەبووە.

هەر لەبارەی داستانی كۆڕێوە، چۆمانی دەڵێت: كاتێك هێزەكانی یەكێتی بەری رۆژئاوایان گرتەوەو شەڕەكە تەواو بوو، كاك مەسعود لەبەرچاوی هەموو ئەو ئاغایانەو زیاتر لە 300 پێشمەرگەو فەرماندە كە لەوێ ئامادەبوون جەمەدانییەكەی لەسەری هێنایە خوارەوەو لەناو دەستەكانیدا گرتی و وتی “كاك كۆسرەت من ئەو هێزەی ئێوەم لەبەردەست بێت شەڕی هەموو دنیام دەكرد”.

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا لەبارەی وردەكاریی و رووداوەكانی داستانی كۆڕێوە، وتی: لەكۆڕێ مەفرەزەكەی شەهید حەسەن كوێستانی دەبابەكانی رژێمی بەعسیان هێنا، چاكم لەبیرە كە سەید خدرو مەلا كەریم و حسێن قرچە چونە سەر ئەو دەبابانەو هێنایانە بەشی پشتەوە، بۆ رۆژی دواتر ئەوانەی پارتی هاتنەوە چونە سەر دەبابەكەو رەسمیان لەسەر گرت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button