کۆریای باکور هەڕەشە لە کۆریای باشور دەکات

لڤین:

کیم یۆ جۆنگی خوشکە دەسەڵاتدارەکەی ڕابەری کۆریای باکور کیم جۆنگ ئون وتی کۆریای باکور دژی جەنگە بەڵام چەکی ناوەکی بەکاردەهێنێت ئەگەر کۆریای باشور هێرش بکات.

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکور بڵاویکردەوە کیم یۆ جۆنگی بەرپرسی باڵای حکومەتەکەی کۆریای باکور وتوویەتی لێدوانەکانی ئەمدواییانەی وەزیری بەرگری کۆریای باشور سەبارەت بە تاوتوێکردنی هێرشکردنە سەر کۆریای باکور ” هەڵەیەکی زۆر گەورە ” بووە.

ڕۆژی هەینی وەزیری بەرگری کۆریای باشور سو ووک وتی سوپای وڵاتەکەی موشەکی جۆراوجۆری هەیە و مەودا و وردی و هێزییان بەشێوەیەکی بەرچاو باشتر کراون، هەروەها لە توانایاندا هەیە ” بەخێرایی و وردییەوە هەر ئامانجێک لە کۆریای باکور بپێکن.”

دوای ئەوەی ئەم ساڵ کۆریای باکور موشەکە بەهێزەکانی تاقیکردەوە، کۆریای باشور و باکور هێزی سەربازیی وڵاتەکانیان پیشانداوە. بەرپرسانی کۆریای باشور و ئەمەریکا لەوە دەترسن کۆریای باکور ئامادەکاری بکات بۆ تاقیکردنەوەی چەکە ناوەکییەکانی کە لە ساڵی 2017 ەوە ئەو جۆرە چەکانەی تاقی نەکردۆتەوە.

کیم و بەرپرسانی دیکەی کۆریای باکور ڕۆژی یەکشەممە سەرکۆنەی لێدوانەکانی وەزیری بەرگری کۆریای باشورییان کرد، هەروەها هۆشدارییاندا لەسەر ئەوەی پیۆنگیانگ ئامانجە گەورەکان لە کۆریای باشور لەناودەبات ئەگەر کۆریای باشور ” هەر ئەرکێکی سەربازیی مەترسیدار ” دژی کۆریای باکور ئەنجام بدات.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button