سەرۆکی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی هەرێم: پەرلەمانی کوردستان ھیچیان بۆ نەکردین

لڤین:

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان کە ماوەکەیان بەسەرچووە ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٩وە ئێمە داوای چارەسەری کێشەی بەسەرچوونی کۆمیسیۆن دەکەین لە پەرلەمان، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیانکردووە، کە سێ جار بە فەرمیی نوسراومان پێشکەش کردوون.

ھەندرێن محەمەد ساڵح، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان کە ماوەکەی بەسەر چووە، بە میدیایی پارتی راگەیاند: “لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ئێمە نوسراوێکمان بۆ پەرلەمان کرد لە بارەی بەسەرچوونی کۆمسیۆن بۆ ئەوەی چارەسەریەکمان بۆ بکەن و دواتر نوسراوێکی دیکەمان بۆ پەرلەمان کرد و باسیان لەوەکرد کە دوای کاراکردنەوەی دەستەی مافی مرۆڤ کێشەی کۆمیسیۆن چارەسەر دەکەین، بەڵام ئەویش نەکرا”.

ھەندرێن محەمەد ساڵح وتیشی: “کە دوای دووەم نوسراویش ھیچیان بۆ نەکردین دوای دەرچوونی مەرسوومی سەرۆکایەتی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن جارێکی دیکە نوسراومان بۆ پەرلەمان کردووە، بۆ ئەوەی کێشەی کۆمیسیۆن چارەسەربکەن، بەڵام ئێستاش ھیچیان نەکردووە و ئێمەش ناتوانین ھیچ کارێک بکەین تاوەکو کێشەی کۆمیسیۆن یەکلایی نەکرێتەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button