پارتی كۆمۆنیستی چینی و چه‌ند سه‌رنجێك و چەپەکانی کوردستان

وەرگیراوە لە فەیسبووکی دکتۆر عارف گۆران
مانگی حەوتی ئەمسال یه‌ك سەدە بەسەر دامەزراندنی پارتی کۆمۆنیستی چینی تێدەپەرێت . لە چەند ھەفتەی رابردوودا کۆمەلێک نووسینم بەرچاو کەوت، کە لە لایەن کەسانی دیاری حیزبەچه‌په‌كان یا خۆبه‌چه‌پزانه‌كانی کوردستان نووسراون و باسی مەزنی ئەو حیزبەو بە دیاریکراوی ما‌و تسی تۆنگ وەک کەسێکی ئەفسانەیی ده‌كه‌ن!. گومانی تیا نیە لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوو ماویزم لە زۆر بەشی جیھان وەک ئالتەرنەتیڤێکی شۆڕشگێر سەیردەکراو بەشێکی چەپەکان لەو قۆناغه‌دا وه‌ك هێزێكی ھەلپەرست و له‌ڕێلاده‌ر سەیری یەکێتی سۆڤیەتیان دەکرد. بەشێکی زۆری چەپەکانی کوردستانیش، لەنێویاندا رەوانشادان شەھید ئارام و مام جەلال لە و قۆناغه‌دا لەژێر کاریگەری ماویزم دابوون، به‌هۆی ئه‌وه‌ی کوردستان کۆمەلگایەکی جوتیاریه بۆیه هزری ماویزم لای بەشێکی زۆری چەپەکان قبووڵكراو بوو.
لە پۆلی یەکی کۆلیژی پزیشکی بووم، ھەولم دەدا ھەندێک سەرچاوەم دەربارەی ماویزم و چین ده‌ستبكه‌وێت، ئەو کاتە خەڵک ترسێکی زۆری لە رژێمی بەعس ھەبوو، خەلکانێکی زۆر لەسەر خوێندنەوەی ئەو جۆرە کتێبانە تووشی کێشەی گەورە دەبوون . چاکم لە یادە دوای ھەفتەیەک کرێکاری توانیم نووسینەکانی ما‌و، کە لە چوار بەرگدابوو بە زمانی ئینگلیزی په‌یدا بكه‌م، هه‌رچۆنێك بێت دوای ئه‌وه‌ی كتێبه‌كانم ده‌ستكه‌وت، به تامه‌زرۆییه‌وه دەستم بە خوێندنەوەی کرد‌و لە ماوەی چەند ھەفتەیەک ھەندێک بابەتم وەرگێڕایە زمانی کوردی و لە نامیلکەیەکی بچووک چاپ‌کرا. مەبەستم لە گێڕانەوەی ئەو چیرۆکە ئەوەیە، کە کەسانێکی زۆری وەک ئێمە خولیای ماویزم بووین . دوای تێپەربوونی سالانێکی زۆر رێگامان بەخۆمان دا، کە فراوانتر بیر بکەینەوە و لە دۆگمای تاکجەمسەری دەربازمان بێت . زۆر راستی تاڵمان بۆ دەرکەوت، کە ئەو کاتە نەماندەزانی یاخود نەماندەویست بزانین .
گومان لەوەدا نیە ما‌و کەسایەتیەکی کاریگەری ھەبووەو توانیویه‌تی ببێت بە سەرۆکی یه‌كێك له‌گەورەترین ولاته‌كانی جیھان، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانین رۆلی ما‌و لە رزگارکردن و دامەزراندنی چین وەک کۆمارێکی سۆشیالیستی سەربەخۆ فه‌رامۆش بكه‌ین . دوای مردنی ما‌و گۆڕانکاری گەورە له چین روویدا، تەنانەت خودی پارتی کۆمۆنیستی چینی دان بە ھەلەکانی ما‌و دانا، كه شكستی هێنا له‌وه‌ی چین بكاته كۆمه‌ڵگاو ده‌وڵه‌تێكی پێشكه‌وتوو، له‌پاڵ ئه‌مه‌ش نه‌یتوانی مه‌سه‌له‌ی برسیه‌تی چاره‌سه‌ر بكات و لە نێوان سالانی ١٩٥٨—١٩٦٢ نزیکەی ٤٥ ملیۆن کەس بوونە قوربانی سیاسەتەکانی ئه‌و!. دوای ئەوەش لە سالی ١٩٦٦ بە ناوی شۆڕشی رۆشنبیریه‌وه هه‌وڵی لەناوبردنی نەیارەکانیداو ھانی گەنجانی چینی‌دا بەگژ ھەموو بەھاکانی کۆمەلگاكه‌یاندا بچنەوە، له‌ئه‌نجامی ئه‌مه‌ش چین نزیكه‌ی بۆ ماوەی دە سالی تر رووبه‌ڕووی فەوزایەکی گەورە بووه‌وه‌و ھیچ کەسێک، تەنانەت ئەندامه‌كانی پارتی کۆمۆنیستی چینییش، واته حزبه‌كه‌ی ماویش لە ژیانی خۆیان دڵنیانەبوون . بەشێکی زۆری نووسەرانی مێژوو ما‌و وەک گەورەترین جەلاد وەسف دەکەن ، تەنانەت خراپتر لە ھیتلەرو ستالین باسی دەکەن!.
دوای به‌كۆتاهاتنی قۆناغی ما‌و، چین پێشكه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه بینی و وەک یه‌كێك له‌زلھێزه‌كانی جیھان کاریگەریەکی ئێجگار گەورەی له سیاسه‌تی جیهانیدا هه‌یه . بوونی چین لە بەشی ھەرە زۆری وولاتانی ئەفریقاو ئاسیا دەبینرێت ، چین کۆمەلێک پرۆژەی زۆر گەورەی لەژێردەستە ، بۆ نموونە پرۆژەی ڕێگای ئاوریشم ، کە بەتەواو بوونی ئەو پرۆژەیە رۆلی چین لە سەرانسەری جیھان زیاتر دەردەکەوێت ، تەنانەت بەشێک لە ئابووری ناسان بە دوور نازانن لە بیست سالی داھاتوودا چین له‌رووی ئابووریه‌وه پێش ئەمریکاو ئەوروپا بکەوێت . هه‌رچه‌نده تاوه‌كو ئێستاش وەک کۆمەلگایەکی داخراو ماوەتەوە و مافی تاک و دیموکراسی زۆر لاوازە، ئەمە جگە لەوەی مامەلەی لەگەل کەمینەکان زۆر خراپە ، ھەموومان ئاگاداری ئەوەیەن، کە سەدان ھەزار موسلمانەکانی چین خراونەتە کامپی زۆرەملێ بەناوی ھۆشیارکردنەوەی تاک و نەھێشتنی توندڕەوی ئایینی ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه . ناوچەکانی زینگیانگ، کە زۆرینەی ئیسلامن لە دۆخێكی زۆر خراپ‌دا دەژین و لەژێر چاودێریەکی توندی سەربازیدا ده‌ژین.
جێگای سه‌رسامیه تاوه‌كو ئێستا بەشێک لە چه‌په‌كانی كوردستان به‌چاوی ساڵانی حه‌فتاو هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو سه‌یری ماویزم ده‌كه‌ن و باس له‌و پێشكه‌وتنه گه‌ورانه‌ی ئابوری ده‌كه‌ن له‌ناوچه موسڵمان نشینه‌كان! لە کاتێکدا ھەموو کەسێکی خاوەن ویژدان دەزانێت ئەو ناوچەیە خاوەن سەرچاوەیەکی زۆری ووزەیە و چین بە ھەموو توانایه‌كی كار بۆئه‌وه ده‌كات دیمۆگرافیای ئەو شوێنە بگۆڕێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی حیزبی به‌عس له‌گه‌ڵ باشووری كوردستان كردی، ناوچەی موسلمان نشینەکان پرکراون لە خەلکانی سەر بە پارتی کۆمۆنیست و کۆمەلێک ئیمتیازیان پێدەدراوه بۆئه‌وه‌ی له‌وێ بمێننه‌وه ، تەنانەت شارێکی وەک کاشگار ، کە یەکێکە لە شارەکانی ئیگۆره موسلمانه‌كان، لە ماوەی چەند سالی رابردوودا ژمارەی چینیەکان له خه‌ڵكی ره‌سه‌نی ئه‌و شاره زۆر زیاتر بووه.
ئاشكرایه ئەمڕۆ چەپ بە شێوە کلاسیکیەکەی لە قەیرانێکی گەورەدایە، ئه‌و قه‌یرانه به‌روونی هه‌ستی پێده‌كرێت، به‌پێچه‌وانه‌ی ساڵانی په‌نجاو شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، كه ده‌یانتوانی شه‌قام بجولێنن و هه‌زاران كه‌س بێننه سه‌ر شه‌قام، ئێستا به‌هه‌موو حزبە چه‌په‌كانی كوردستان ناتوانن چه‌ند سه‌د كه‌سێك بێننه سه‌ر شه‌قام. ته‌نانه‌ت نەیانتوانی له‌نێوخۆشیاندا بەرەیەک درووست بکەن و ببن بە خاوەن چەند کورسیەک لە پەرلەمان و وه‌ك ئۆپۆزسیۆن نوێنه‌رایه‌تی چینی چەوساوەی کۆمەلگا بکه‌ن، بۆیه ده‌بێت چەپەکان ئه‌و راستیانه ببینن و لەو بازنە تەسکەی بیرکردنەوەو خۆ پەیوەست کردن بە باسی تیۆری خۆیان دەربازبکەن . چەپ دەبێت بەرگێکی نوێ بپۆشێت و خەلکی مافخوراو پر لە نەھامەتی کوردستان لە دەوری خۆ کۆبکاتەوە، چونكه چەپ بوون واتای داکۆکیکردنە لە مافی چەوساوەکان و بەرگریکردنه لە دادپەروەری کۆمەلایەتی ، نەک ژیان له‌كۆشك و ته‌لارو خواردن له‌سه‌ر مێزی گه‌نده‌ڵكاران و خولانەوە لە بازنەیەکی داخراوی هزریدا.