هەپەگە: کوژرانی نۆ سەربازی تورکیای ڕاگەیاند

لڤین:
هەپەگە ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە سێ چالاکیی جیاوازدا لە ناوچەی خواکورکی باشووری کوردستان، نۆ سەربازی تورکیایان سزادراوە و ئۆتۆمبێلێک و دوو سەنگەریشیان تێکشکاندووە.
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی چالاکییەکانی گەریلاکان دژی سوپای تورکیا و بۆردوومان و تۆپبارانکردنی ناوچە جیاجیاکانی باشووری کوردستان لەلایەن سوپای تورکیاوە بڵاوکردەوە.
هەپەگە ڕایگەیاندووە: ڕۆژی ٢٧ی ئادار هێزەکانمان بە چەکی قورس چالاکییان دژی داگیرکەران ئەنجامدا لە گردی کەڤۆرتێ، لەو چالاکییەدا کە بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە پێگەکانی داگیرکەران کرانە ئامانج، بەلایەنی کەمەوە دوو داگیرکەر سزادران و سەنگەرێکی بەتەواویی خاپوورکرا.
هاوکات ئەوەشی خستووەتەڕوو: ڕۆژی ٢٩ی ئازاریش سوپای تورکیای داگیرکەر لە دەوروبەری گردی لێلکان و گردی شەهید شەرڤان دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی داگیرکەریی کرد، هێزەکانمان ئۆتۆمبێلێکی داگیرکەرانیان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا خستە ژێر چاودێرییەوە و بە ڕێبازی تەقاندنەوە چالاکییان لەدژ ئەنجامدا، لە ئەنجامدا چوار داگیرکەر سزادران و ئۆتۆمبێلەکەش بەتەواویی تێکشکێندرا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە: ڕۆژی ٣٠ی ئازار لە گردی لێلکان دیسان هێزەکانمان بە چەکی قورس تەقەیان لە داگیرکەران کرد، لە ئەنجامدا سێ داگیرکەر سزادران و سەنگەرێکیش بەتەواویی خاپوورکرا.
هەپەگە دەڵێت: ئەو چالاکییە کاریگەرە یەک بەدوای یەکانە لەلایەن هێزەکانمانەوە لە خواکورک، لە کەسایەتیی شەهیدانمان لە ٢١ بۆ ٢٨ی ئازاری هەفتەی قارەمانێتییدا، بۆ یادکردنەوەی هەموو شەهیدانی کوردستان بوو.