وتەبێژی کۆمەڵ: ئەگەر ڕێکەوتنەکەی پارتی و سەدر تەنھا بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار بێ لە یەکێتی ئەوە لای خەلک پوشێک ناھێنێت

لڤین:

محەمەد حەکیم، وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری ڕایگەیاند، ئەگەر مەبەستی هاوپەیمانیی سێقۆڵیی پارتی و سەدر و سوننە چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکان بێت لەنێوان هەرێم و بەغدا، “ئەوە جێگەی دەستخۆشییە.”

محەمەد حەکیم لە نوسینێکی لە فەیسبوکی خۆی (24-3-2022) دەڵێت، “بەڵام ئەگەر تەنها بۆ بردنەوەی سەرۆککۆمار بێت لە یەکێتی، ئەوە لای خەڵک پوشێک ناهێنێت.”

 

ھاوپەیمانییە سێ قۆڵییەکە بۆ کورد دەرد دەبێت یان دەرمان ؟!
ئەم ھاوپەیمانیێتیە سێقۆڵیەی ( سەدر و بارزانی و حەلبوسی) وردبونەوە و لێکدانەوەی زۆر ھەڵدەگرێت لە نێو ھەر سێ پێکھاتەی عێراق .
منیش وەکو کوردێک ھەندێ سەرنج و تێبینی خۆم دەخەمە روو لە چەند خاڵێکدا :
١. گرنگ لەم ھاوپەیمانیێتیە ئامانجە، ئەگەر ئامانج چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبوەکان بێت لە نێوان ھەرێم و بەغدا و بەرژوەندی خەڵکی لەبەر چاو گیرابێت و بەرھەمەکەی ببینرێت جێی دەستخۆشیە و خراپیشە بڕیار وابێ چی پارتی کردی، خراپ بێت .
بەڵام تەنھا بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار بێ لە یەکێتی ئەوە لای خەلک پوشێک ناھێنێت !
٢. پارتی دەبێ بزانێت ئەم ھەنگاوە چۆن ئومێدی باشی پێ ئەبرێت، مەترسی گەورەشی لێ چاورێ دەکرێت و ناشبێت ھێزەکانی دیکەی عێراق نادیدە بگیرێت و چاورێی پەرچەکرداریان نەبێت و دواجار دەبێت پارتی بزانێت پێشتر ھەندێ بڕیاری سیاسی داوە نەک بۆ خۆی بۆ کوردیش بە گشتی بە زەرەر شکاوەتەوە !
٣. پارتی چەند دڵی خۆشبێت بەم ھاوپەیمانێتیە گەورەیەی پێکھاتووە، دەبێت ئەوەش بزانێت لە ژمارەی کورسیەکانی خۆی زیاتر کورسی کورد ھەیە لە بەغدا کە لەگەڵی نین و تا ڕادەیەک ململانێی مەچەک شکاندنەوەی خۆیان و یەکێتی لەسەر کورسی سەرۆک کۆمار کوردی پەرت کردوە و، سەنگ و قورسایی کورد ھەرگیز وەک جاران نیە و بەمجۆرە ھاوپەیمانێتیانە قەرەبوو ناکرێتەوە .
٤. پارتی لە ئاستی فەرمی و ئاستەکانی خوارتر تا ئاستی “سوپا سێبەرەکەی لە سۆشیال میدیا” وازبهێنیت لە تەخوینی کەس و لایەنێک لەمەودوا کە ئەویش ھەنگاوی خۆی بنێ لە چوارچێوەی عێراقی یەکگرتودا، چونکە ئەو راستیە خەریکە دەچەسپێت کە پارتی ھەموو شت بۆ خۆی بە ڕاست دەزانێت و بۆ بەرانبەر بە خراپ !
٥. تکایە ھەموو لایەک ئەو ڕاستیە بزانن، ئەم میللەتە چیتر ناتوانێت بەرگەی شکست و نسکۆی تر بگرێت و لە ھەنگاو و گەمەکانتان (پارتی ویەکێتی) ھاوکێشە ھەرێمایەتییەکان نادیدە مەگرن و گەمەکان نەبنە لە دەستدانی قەوارەکە و سەرگەردانی زیاتری کوردی بەشمەینەت .

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button