موسەنا ئەمین: لە دەقیقەی پێویستدا بڕیار دەدەین بەشداری کۆبونەوەکەی سبەینێی پەرلەمان دەکەین یا خود نا

لڤین:

تا ئێستا فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بڕیاری نەداوە بەشداری دەکات لە کۆبونەوەکەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار یاخود بەشداری ناکات، لەو ڕووەوە د.موسەنا ئەمین دەڵێت “ئێمە لە دانیشتنێکی وەک ڕۆژی شەممە بڕیارمان نەداوە ئایا بەشداری دەکەین یاخود نا ئەسڵەن، لە دەقیقەی پێویستدا ئەو بڕیارە دەدەین لەبەرئەوە حەتمەن ئەو بابەتەشمان هێشتا یەکلایی نەکردۆتەوە کە دەنگ دەدەین بە چ کاندیدێکی سەرۆک کۆمار یاخود دەنگ نادەین. “

لە سەرەتای قسەکانیدا سەبارەت بە ئەگەری بەشداری کردنی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە کۆبونەوەکەی سبەینێ شەممەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، د. موسەنا ئەمین بەدەنگی ئەمریکای ڕایگەیاند “ ئێمە هێشتا بڕیاری کۆتاییمان نەداوە، چونکە بە ڕۆژێکی ماوە، تەنانەت جاری وا هەیە بە سەعات لە عێراقدا زۆر شت دەگۆڕێت، لەوانەیە لە کاتی کۆبونەوەکە هەندێک شت بگۆڕدرێت لەوکاتەدا پێویست بەوە بکات هەڵوێست بگۆڕدرێت، ئێمە وەک پڕەنسیب لە گەڵ ئەوەین کە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق لە کاری خۆیدا و لەماوەی دەستوریدا سەرۆکایەتیەکان هەڵبژێردرێت، زیاتر لەوە، تەنگەژە و باری خراپ بۆ دەرونی خەڵک و بازاڕ و دۆخەکە دروست نەکرێت، بەڵام ئەوەش مانای ئەوەنیە ئێمە پێمان وابێت ئەم جەمسەرگیرییەی ئێستا لە عێراقدا هەیە شتێکی تەندروستە و شتێکی تەندروستی لێ دروست دەبێت، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەین بە جۆرێک ڕێککەوتن بکرێت، ئێستا عێراق بۆتە مەیدانی جەمسەرگیری هەرێمایەتی لەبەر ئەوە ئەگەری کەوتنەوەی مەترسی گەورە لە ئارادایە ئەگەر بێت و بە بێ گوێدانە ئەو بارودۆخە هەستیارەی عێراق هەیەتی، هەندێک لە هێزە سیاسییەکان بیانەوێت بە زۆرە ملێ هەندێک شت بسەپێنن، بۆیە لەم دۆخەدا ناتوانرێت بە ئاسانی یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانی دانیشتنەکانین، بەڵام هەتا دوا ساتەکانیش هەموو ئەگەرەکان کراوەن، ئەگەری هەیە دوای ئەوەی کۆبونەوەکەش ئەنجام بدرێت پێویست بکات ئێمە بایکۆتی بکەین، ئێمە لە دیراسە کردنی هەڵوێستەکەین بە شێوازێکی ورد، کۆبونەوەمان هەیە لەسەر ئاستی باڵا ڕاوێژی خۆمان دەکەین لە گەڵ دڵسۆزمان، پاشتر لە دەقیقەی پێویستدا ئێمە بڕیار دەدەین بەشداری کۆبونەوەکە دەکەین یا خود نا.”

د. موسەنا ئەمین زیاتر ڕونیکردەوە” بڕیاری کۆتایی ئەوەیە بە ڕاوێژ لەگەڵ دۆستەکانمان چاودێری بارودۆخەکە دەکەین و هەڵیدەسەنگێنین، ئەو دۆستانەمان کە جێی متمانەن لە لای ئێمە بزانین دەگەینە چ بڕیارێک لە کۆتایدا. ”

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا هیچ کام لە پارتی و یەکێتی پەیوەندییان بە ئێوەوە کردووە بۆ ئەوەی داواتان لێ بکەن بەشداری کۆبونەوەکە بن یاخود نا؟

لە وەڵامدا د. موسەنا وتی” بەردەوام هەردوولایان(پارتی و یەکێتی) پەیوەندی دەکەن، وە سورن لەسەر هەڵوێستی خۆیان، ئێمەش لە ئەنجامدا ئەو بڕیارە دەدەین کە بۆ میللەتەکەمان و عێراق باشە، مەبەستمان نیە کێ نیگەران دەبێت یا بە دڵی کێیە یا بە دڵی کێ نیە؟ ”

وتیشی” وەڵامی ئەرێنیمان بە هیچ کەس لەو دوو لایەنە نەداوەتەوە، چاوەڕێی دۆخەکەین، لەکاتی پێویستدا هەڵوێستی خۆمان وەردەگرین. ”

هەرچەندە بەشێک لە میدیا عێراقی و کوردییەکان باس لە مامەڵەکردن بە دەنگی حیزب و پەرلەمانتاران دەکرێت بۆ بەشداری کردن یا نەکردنیان لە کۆبونەوەی سبەی لە ڕێگای پارەوە، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا پێشنیاری پارە خراوەتە بەردەم فراکسیۆنی یەکگرتوو بۆ بەشداری کردن یا نەکردن لە کۆبونەوەکەی پەرلەمان؟

لە وەڵامدا د.موسەنا ئەمین وتی” ئێمە بێگومان هیچ وەختێک لە هیچ کاتێکدا لە پێشوتریشدا لەو جۆرە ”سوکانە” نەبوین کە باسی پارەمان بۆ بکەن، خەڵکی سوک و حیزبی سوک ئەو حیزبانەن کە خەڵک دەتوانێت باسی پارەیان لەگەڵدا بکەن، هەموو حیزب و سەرکردەیەک ئەوەندە سەنگی ئێمە تێگەیشتووە کە ئەسڵەن باسی پارە هەر لەباسدا نیە لەگەڵ ئێمە، هیچ وەختێک پێشنیاری وا بۆ ئێمە نەکراوە بەڵام ئەوەی کە لەگەڵ ئێمە دەیڵێن هەندێک شتی گشتیە لەبارەی ڕۆڵی سیاسی و ڕێزگرتن لە هەندێک مافی دەستوریی، ئەگەرنا پارە و شت شتێکی قێزەونە مرۆڤ هەڵوێستی حیزبەکەی بفرۆشێت بە پارە. ”

جەختیشیکردەوە” مامەڵەکردن بە پارە و دەنگ، ڕاستە بەڵام لەگەڵ ئێمە نا، وەک وتم لەگەڵ ئەو کەسانەی هی ئەو جۆرە مامەڵانەن لە مەسەلەکانی تریشدا، بەداخەوە دەڵێم، حیزبی سیاسی واهەیە و ئەندام پەرلەمانی واش هەیە، ئەوە لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا ئەو مامەڵانە واریدن. ”

دەربارەی پێشبینی بۆ کۆبونەوەکەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق؟ د.موسەنا ئەمین وتی” بە پێی ئەو داتایانەی من لامە، قسەکردن لەگەڵ شارەزایان و بەدواداچون و شەن و کەوکردنی، ڕەنگە ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادە نەبن بۆ کۆبونەوەکەی سبەینێ، ئەو هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەی پێکهاتووە( سەدر و بارزانی و حەلبوسی) لە باشترین حاڵەتدا تا ئێستا ڕەنگە نەتوانن نزیکەی 200 پەرلەمانتار کۆبکەنەوە، کە خودی کۆبونەوەکە پێویستی بە ئامادەبونی لانی کەم 220 پەرلەمانتارە. ”

سەبارەت بە داواکاری هەندێک لە لایەنەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردن، د.موسەنا ئەمین وتی” هەڵبژاردن بڕیاری دووبارە کردنەوەشی بدرێت تا ساڵێکی تر ناتوانرێت ئەنجام بدرێت بە هۆی ئامادەکاری کردن بۆی لە ڕووی لۆجیستییەوە، لەبەر ئەوە ئیمکانی ئەو بابەتە نیە. ”

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا فراکسیۆنی یەکگرتوو دەنگ بە کام کاندید دەدات ئەگەر بەشداری کۆبونەوەکەی کرد، کاندیدی یەکێتی( د. بەرهەم) یا کاندیدەکەی پارتی(ڕێبەر ئەحمەد)؟

د.موسەنا ئەمین بەمجۆرە وەڵامی دایەوە” وەک ئاماژەم پێکرد، ئێمە لە دانیشتنێکی وەک ڕۆژی شەممە بڕیارمان نەداوە ئایا بەشداری دەکەین یاخود نا ئەسڵەن، لەبەرئەوە حەتمەن ئەو بابەتەشمان هێشتا یەکلایی نەکردۆتەوە. ”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button