یەکێتی زانایان:ئەوانەی هەولێر مووشەکباران دەکەن مەبەستیانە کورد لە سووننە دوور بخەنەوە

لڤین:

سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند:” ئەوانەی هەولێر مووشەکباران دەکەن مەبەستیانە کورد لە سووننە دوور بخەنەوە و شەقامی وڵاتانی عەرەبی دژ بە کورد بجووڵێنن”.

ئەمڕۆ شەممە 19-3-2022، عه‌بدوڵڵا سه‌عید وه‌یسی له‌كاتی به‌شداریكردنی له‌ سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی (منبر الأقصى- قودس) لە شاری ئیستانبوڵ له‌ تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، “په‌یوه‌ندیی کورد و قودس به‌ پەیوەندیەکی مێژوویی و پڕ لە شانازی دەزانین، لەبەر ئەوەی سەرکردەی ناوداری نەتەوەیی و ئایینی سەڵاحەددینی ئەیوبی قودسی رزگار کردووه‌، ئەمەش بووە مایەی سەرکەوتنێکی گەورە بۆ جیهانی ئیسلامی بە گشتی و گەلی کورد بەتایبەتی.”

باسی لەوەشکرد، “ئێستاش رۆڵەکانی کورد لەسەر هەمان رێچکە و رێبازی سەڵاحەددینی ئەیوبین لە خۆشەویستیان بۆ قودس و پارێزگاریکردن لە پێگە پیرۆزەکەی‌، بەڵام بەداخەوە کەسانێك دەیانەوێت رووی جوانی مێژووی کورد و دیندارییەکەی و پەیوەندی پتەوی لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی له‌کەدار بکەن، بەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، تا کار گەیشتە ئەوەی ئێران لە 13ی ئەم مانگە لە رێی ژماره‌یه‌ك مووشه‌كه‌وه‌ چەند ناوچەیەکی هاووڵاتینشینی مووشه‌كباران کرد، بە بیانووی بوونی بنكه‌ی ئیسرائیلی لەو ناوچانە”.

سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئەوەشی خستەرو، “ئەوانەی ئەو جۆرە تۆمەتانە هەڵدەبەستن، خۆیان مەعبەدی جولەکە لە تاران دەکەنەوە و رێگەش بە مزگەوتی سووننە نادەن هەبێت، بگرە ناوچە سووننەکانی عیراقیشیان وێران کرد، ئەوان هەر کەسێك نەچێتە ژێر باریان دەیان تۆمەتی ناڕەوایان بۆ دروست دەكەن، مەبەستیانە کورد لە سووننە دوور بخەنەوە و شەقامی وڵاتانی عەرەبی دژ بە کورد بجووڵێنن، بەڵام لێرەوە رایدەگەیەنین، کورد شانازی بە برایەتی هەمووانەوە دەکات، هیچ کاتیش ئامادە نییە لەسەر تۆمەتی بێ بنەما دژایەتی کەس بکات”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button