چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر كۆدەبنەوە

لڤین:

ئەندامێكی دەوڵەتی یاسا، ئەمڕۆ شەممە، ئاشكرایكرد، بەر لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كە بڕیارە رۆژی 26ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر كۆدەبنەوە.

وائیل ركابی، ئەندامی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “ئەو كۆبونەوەیە كە ئومێددەكرێت لە دو رۆژی داهاتودا و بەرلە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدردا ئەنجام بدرێت، بە ئامانجی گەیشتنە بە رێككەوتن لەسەر پرسە بنەڕەتییە گەورەكان كە بۆ ماڵی شیعی گرنگن لەوانە پرسی گەورەترین كوتلە.”

ئەو ئەندامەی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا ئەوەشی خستۆتەڕو”لەو كۆبونەوەیەدا رێككەوتنیش لەسەر جەعفەر سەدر یاخود هەر كاندیدێكی دیكە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دەكرێت، بەڵام گرنگ لابردنی كۆسپە سیاسییەكانە لەبەردەم پێكهێنانی حكومەت.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button