ئەمەریکا چەک بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت

لڤین:

لە کاتێکدا بەرپرسانی ئۆکرانیا داوای کەلوپەل و چەکی زیاتر دەکەن بۆ بەرگریکردن بەرامبەر بە تۆپبارانە قورسەکانی هێزەکانی ڕووسیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە تا 200 ملیۆن دۆلار چەکی بچووک و دژە تانک و دژە فڕۆکە ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکات.

بەگوێرەی هەواڵێکی دەنگی ئەمریکا بەرپرسێکی باڵای حکومەتی ئەمەریکا ڕایگەیاندوە، سەرۆک کۆماری ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی شەممە مۆڵەتی یارمەتی ئەمنی زیاتری بۆ ئۆکرانیا دەرکردوە، و کۆشکی سپی رایگەیاند کە ڕێگا خۆش دەکات بۆ بارکردنی “دەستبەجێ” ی کەرەستە سەربازییە نوێکان بۆ ئۆکرانیا.

بە گوتەی بەرپرسانی باڵای حکومەت، بڕیارەکەی بایدن کۆی هاوکارییە ئەمنییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا لە مانگی 1ی ساڵی 2021وە تا ئێستا، بۆ 1.2 ملیار دۆلار زیاد دەکات، و هەروەها کۆی یارمەتییەکان لەوەتەی ساڵی 2014وە کە ڕووسیا کریمیای خستە سەرخاکی خۆی و داگیری کرد بۆ 3.2 بلیۆن دۆلار بەرزدەکاتەوە.

بایدن لەیاداشتێکدا بۆ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا فەرمانی داوە کە لەڕێگەی یاسای یارمەتییەکانی دەرەوە، تا 200 ملیۆن دۆلار بۆ بەرگری ئۆکرانیا تەرخان بکرێت.

ئەو یارمەتییە دەتوانرێت بۆ چەک و کەرستەی دیکە لەناو عەمباری وەزارەتی بەرگری و هەروەها بۆ پەروەردە و ڕاهێنانی سەربازی بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا لە دژی داگیرکاری ڕوسیا کە لە ئێستادا لە هەفتەی سێیەمدایە، بەکاربهێنرێت.

یەکێک لە بەرپرسەکان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بێت، گوتی “ئەمەریکا یارمەتی خێرای سەربازی پێشکەش بە ئۆکرانیا دەکات، لەوانە سیستەمی دژە زرێپۆش و دژە فڕۆکە و چەکی بچووک بۆ پشتگیری بەرگریکارانی هێڵی پێشەوەی ئۆکرانیا”.

پێنتاگۆن ڕەتی کردەوە لەو بارەیەوە لێدوان بدات و وەڵامی پرسیارەکانی خستە ئەستۆی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا.

ئۆکرانیا داوای چەکی زیاتری دژە تانک و مووشەکی ستێینگەر دەکات بۆ خستنە خواری فڕۆکەکانی ڕووسیا.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چەندین جار لە عەمباری چەکەکانی ئەمەریکا، چەکی بۆ ئۆکراینا دابینکردوە، لەوانە لە پاییزی 2021 و پاشان لە مانگی 12 دا و ئەمساڵیش لە مانگی 2 وە دووبارە دەستی پێکردوەتەوە.

بە پێی ڕاگەیاندنی پێنتاگۆن، دواین دەستەی چەک کە لە مانگی 2دا لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ ئۆکرانیا دابینکرابوو، بریتی بوو لە دژە زرێپۆش، چەکی بچووک، جبەخانەی چەک و تەقەمەنی جۆراوجۆر و هەروەها سیستەمی دژە فڕۆکە.

شەوی پێنجشەممە کۆنگرێسی ئەمەریکا بڕی 13.6 ملیار دۆلار یارمەتی فریاگوزاری بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد.

ئەو پرۆژە یاسایە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە پێشکەشکرا و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا تێپەڕی و لە کۆتاییدا بە دەنگی “ئەرینی” 68 سیناتۆر و دەنگی نەرینی 31 سیناتۆر پەسەند کرا.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button