سبەینێ نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامی کۆدەبنەوە

لڤین:

بەگوێرەی هەواڵێکی میدیای ڕەسمی نەوەی نوێ بڕیارە سبەینێ کۆبوونەوەی لوتکە لە نێوان شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامیدا بکرێت، ئەوەش بەمەبەستی یەکخستنی هەڵوێستی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەسەر کێشەکانی هاوڵاتییان و دروستکردنی فشار بۆ سەر دەسەڵات لە پێناو چارەسەری كێشەکانی هاوڵاتییان.

کۆبوونەوەکە لە شاری سلێمانی دەکرێت و بڕیارە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و ئەمینداری یەکگرتوو گفتوگۆ لەسەر دوایین هەوڵەکان بۆ یەکخستنی هەڵوێستی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بکەن بۆ دانانی نەخشەڕێگای داهاتووی کارکردنی هاوبەشی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ دروستکردنی فشار لەسەر دەسەڵات و چارەسەرکردنی كێشەکانی هاوڵاتییان.

هەفتەی رابردوو، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، هەر سێ لایەنی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری و جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەوڵێکدان بۆ یەکخستنی هەڵوێستی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەپێناو وەستانەوە بەرامبەر بەو زوڵم و ستەم و ناحەقیەی دەسەڵات دژی هاوڵاتییان دەیکات.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button