میدیاکانی ئێران هێرش دەکەنە سەر ئەردۆغان

لڤین:هۆشیارجەمال

لە دوای سەردانی ئیسحاق ھێرزۆگ سەرۆکی ئیسرائیل بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان کە دوای کۆبوونەوەکە وتی: “ئامانجمان دانانی بناغەی پێشخستنی پەیوەندیی دۆستایەتییە لە نێوان وڵاتەکانمان (تورکیا-ئیسرائیل) و گەلەکانمان”.

راشیگه‌یاند: “ئیسرائیل و تورکیا لەم ناوچەیەی کە ھەموومان ناومان لێناوە ماڵمان دەتوانین بە شێوەیەکی کاریگەر ھەماھەنگیی بکەین و دەبێت بکرێت”.

وتیشی مانگی ئایندە مه‌ولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی ئیسرائیل دەکات و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە.

 سەرۆکی ئیسرائیل و سەرۆکی تورکیا

ئەم سەردانەش بووە هۆی ئەوەی چەندین کاردانەوەی جیاوازی لێبکەوێتەوە لە ناونیشیاندا میدیا ئێرانیەکان ماوەی چەند ڕۆژێکە بە ئاشکرا هێرشی میدیای دەکەنەسەر دەوڵەتی تورکیا و ئەردۆغانی سەرۆکی ئەو وڵاتە سایتی کەناڵی سەحەری ئێرانی کە بە چەندین زمان هەواڵ و بەرنامەکانی بڵاودەکاتەوە نووسیویەتی ئەردۆغان خەنجەری لە پشتی لە فەڵەستنیەکان داوە.

هەر لە هەواڵەکەیدا هاتووە بزووتنەوەی حەماس وێڕای شەرمەزارکردنی کردەی رەجەب تەییب ئەردۆغان بەهۆی بانگهێشت کردنی سەرۆکی رژیمی (زایۆنی) ئیسرائیل ڕایگەیاند:”ئێمە هاوڕێ لەگەڵ دۆستانمان لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی داخ و مەخابنیمان دەردەبڕین سەبارەت بەو چاوپێکەوتنانە.

مانشێتی کەناڵی سەحەری ئێرانی

هەروەها میدیا ئێرانیەکان ناڕەزایەتیەکانی شەقامی تورکیاشیان گواستەوە دژ بەم سەردانە و بڵاویان کردوە کە لە چەندین شاری تورکیا لاوانی تورکیا ئاڵاکانی ئیسرائیلیان ھێنایە خوارەوەو لە پاش سووتاندنیان ئاڵای فەلەستینیان ھەڵواسی.
ئاژانسی مهیری ئیرانیش هەواڵی ڕۆژنامەی میلی چاپی تورکیای کردۆتە مانشێتی بابەتەکەی و نوسیویەتی” بکوژ گەیشتە ئەنقەرە” وەک ‌هێمایەک بۆ سەرۆکی ئیسرائیل.

هەروەها سایتی ڕۆژنامەی جامی کورد کە بە زمانی فارسی و کوردی بڵاو دەبێتەوە چەندین هۆکاری ڕیز کردوە کە بوونەتە هۆی ئەم سەردانە لە گرنگترین هۆکاریان هاتووە کە هەر کات ئەگەری ڕێکەوتنی ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە دۆسیەی ناوەکیدا زیاتر بوو، بە هەمان ڕێژە نیگەرانییەکانی سعوودیە، تورکیا، ئیمارات و بە تایبەت ڕژێمی زایۆنیستی(ئیسرائیلی) لە بەهێزبوونی پێگەی ناوچەیی ئێران زیاتر بووە.

هەروەها نووسیوەیەتی ، تێڕوانینێک لە سەر ڕووداوە مێژووییەکانی تورکیا و ئەمریکا لە دەیەکانی ڕابردوو بە تایبەت لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی پارتی داد و گەشەپێدان پیشان دەدات کە تێڕوانینی دیمۆکراتەکان بەرامبەر بە ئێران میانەڕۆ و نەرم بووە، بەڵام بەرامبەر بە تورکیا تێڕوانینێکی توند بووە. پەیوەندییەکانی تورکیا لە سەردەمی کۆماریخوازەکان بە پێی پێویستیی واشنتن بە تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە لە دژایەتی تاران، بەردەوام باشتر لە پەیوەندییەکانی واشنتن و ئەنکەرە لە سەردەمی دیمۆکراتەکان بووە. سەردەمی بۆش و ترەمپ بە نموونەیەکی گەرمی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا دادەنرێت و بە پێچەوانەوە لە سەردەمی ئۆباما و بایدن ئەو پەیوەندییانە هێندە گەرم و گوڕ نەبووە.

لاپەرەی سەرەکی ڕۆژنامەی میلی

وەپێدەچێت کە تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە لە ئەگەری ڕێکەوتنی ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەوە گەیشتوون کە پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی تاران بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات و هەر بۆیە هەوڵ دەدەن بە هاوکاری و نزیکبوونەوە لە یەکتر ڕێگری لەم دەستڕۆیشتووییەی ئێران بکەن. تورکیا باس لەوە دەکات کە لە سەردەمی ئۆباما پێگەی ئێران لە ناوچەکە بەهێز بوو و دەستڕۆیشتووییەکەی گەیشتە نزیک مەدیتەرانە و ئێستا نایەوێت ئەمە جارێکی دیکە ڕوو بدات و ناوچەی ژێر کاریگەریی ئێران هێندە بەرفراوانتر بێت.

دەوترێت کە ئەمریکا بە چەند هۆکارێک هەوڵی کشانەوە لە ناوچەکە یان دابەزینی ئاستی ئامادەبوونی لە ناوچەکە دەدات و بەم هۆیەوە ئەگەری ئەوەش هەیە کە بەشێک لە کاروبارەکانی ڕادەستی ڕژێمی زایۆنیستی(ئیسرائیل) بکات. کشانەوەی تەواو لە ئەفغانستان، کەمبوونەوەی ڕێژەی ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق، کۆکردنەوەی سیستەمی پاتریۆتی بەرگری ئاسمانی لە سعوودیە و کەمکردنەوەی چەک و کەرەستە سەربازییەکانی لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە پیشاندەری گۆڕینی ستراتیژی ئەمریکایە لە ناوچەکە. لەم هەلومەرجەدا تورکیا هەوڵی نزیکبوونەوەی لە ڕژێمی زایۆنسیتی (ئیسرائیل) داوە. هەوڵە دیپلۆماسییەکانی تورکیا لە ئەفغانستانی پاش کشانەوەی ئەمریکا، گۆڕانکارییەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا و هەروەها باسکردن لە ڕێگاچارەی دوو دەوڵەتی بۆ کێشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی(ئیسرائیل) و فەڵەستین بە هەوڵێک لەم پێناوەدا دادەنرێت.

هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئێرانیەکە ،دابینکردنی هەندێک لە تەکنۆلۆژیا و کەرەستە سەربازییەکان کە لە لایەن ئەمریکا و ڕووسیاوە بە تورکیا نەدراوە، لە ڕێگای ڕژێمی زایۆنیستییەوە (ئیسرائیل) بە ئامانجێکی دیکەی تورکیا دادەنرێت.

سەردانەکەی سەرۆکی ئیسرائیل یەکێتی زانایانی مسوڵمانیشی هێنایە دەنگ و لە ڕاگەیەندراوێکیاندا لە زاری دکتۆر عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی و ئەحمەد رەیسونی سەرۆكی رێكخراوەكە بڵاویان کردەوە سەردانی سەرۆكی ئیسرائیل بۆ توركیا هەنگاوێكی ئاساییكردنەوەیە كە نەخوازراو و ناپەسەندە.

راشیانگەیاندووە سەردانی سەرۆكی ئیسرائیل كە قودسی داگیركردووە بۆ توركیا، سەیر و چاوەڕواننەكراو بوو، ئەو پێشوازییە فەرمییەی كە سەرۆكایەتی توركیا تایبەتی كرد بۆی.

ئاماژە بەوەش دەكەن ئەوان دژی هەرجۆرە ئاساییكردنەوەیەكن لەگەڵ ئیسرائیل، ئەم سەردانە هەنگاوێكی ئاساییكردنەوەیە كە نەخوازراو و ناپەسەندە، بەو پێیە كە خزمەت بە ئیسرائیل دەكات.
راشیانگەیاند، ئەم سەردانە بەدبەختانەیە شیاو نییە بەو پێگە لەبەرچاوەی كۆماری توركیا كە سەركردایەتیەكەی لەم ساڵانەی دواییدا چەندین هەڵوێستی توند و بە زەبری دژ بە دەستدرێژی ئیسرائیل نواند.

دەشڵێن: پێگەو پایەی نێودەوڵەتی كۆماری توركیا لەناو گەلانی ئیسلامیدا، ئەوەی لێدەخوازێ‌ كە بە هەموو تواناكانی زیاتر و زۆرتر بوەستێ‌ بە رووی ئیسرائیل و سەركردەكان و كەسایەتییە دیارەكانیدا، بە رووی ئەو تاوانانەیاندا كە رۆژانە ئەنجامی دەدەن، بە رووی ئەو پێشێلكاریانەدا كە دژ بە هەموو بەهاو پرەنسیپ و یاسا نێودەوڵەتیەكانە.

شایەنی باسە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دەوڵەتی تورکیا و ئەردۆغان سەرباری چەوساندەوە و هەوڵی لەناوبردنی نەتەوەی کورد لە ناوخۆی تورکیا و دەرەوەی تورکیاش لە ڕێگای هێرشی ئاسمانیەوە بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە، بەڵام بەبەردەوامی خۆی وەک دڵسۆز و پاڵپشتی فەڵستنیەکان نیشاندەدا و بەهەموو شێوەیەک دژایەتی ئیسرائیل و دەسەڵاتی جولەکەی دەکرد هەربۆیە کاتێک دەرگای کۆشکی سەرۆکایەتی بەڕووی سەرۆکی ئیسرائیل دا کردەوە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی دروستبوو.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button