ئەمجارە، برسییەکان سەرمەشقی ڕاپەڕین دەبن

هەرێم بەهادین

حکومەت بەجۆرێک لێبووەتەوە، کە تەنها ناوی وەک دابەشکارێکی مووچە ماوە و لەپەناشیدا، بە جۆرگەلی جیاواز، باج دەسەپێنێ و بیرۆکەی شەیتانی بۆ ماشینەوەی گیرفانی هاووڵاتیانی هەڵدەدورێت، پارەی ئاو، کارەبا، موەلیدە، تابلۆ، فایلی جۆراوجۆری فەرمانگەکان، پارەی ڕێگەوبان، ژینگە، کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، زیادکردنی باج، ئاڵوگۆڕی دراو و تێکەڵکردنی پارەی دڕاو بە مووچەی مووچە خۆران و نەبوونی دەرمان و دانانی کامێرای تیژڕۆیی پۆینت بە پۆینت و بە تایبەتکردنی زۆرێک لەو کەرتە خزمەتگوزاریانەی هاووڵاتیان سوودیان لێ دەبینی و هەزاران ڕێگەی دیکە، تەنیا ماوە پێوەرێکی هەناسەدان دابنێ و هەواکەش بماشنەوە و بیکەنە سەرچاوەی داهات.

ساڵانی دوای ڕاپەڕین، ساڵانێکی سەختی برسیەتی و نەبوونی بوو، بەدوایدا، سەروەختی هاتنی داعش و کۆرۆناش خەڵکی پەک خست، بەڵام ئەو چەند ماوە جیاوازە بە ئەندازەی ئەم ساڵانەی دوایی نەبوونی و نەداری ڕەنگی نەداوەتەوە.
تا دێت، هاووڵاتی ئەم هەرێمە بەگیرۆدەیی بێکاری و نەداری و نەخۆشی دەتلێنەوە و ماڵی خەڵکانی خێرخوا ئاوا بێت دەنا زۆر بوون ئەوانەی دەکەوتنە سەر شەقامەکان و کەلاوەکان دەبوونە لانەیان.

ئێستا گەر خوا پێداوەکانی ئەم شارە و هەوڵی ڕێکخراوە خێرخوازیەکان نەبن، ئەم هەرێمە یەک پارچە دەبێتە ئاگر، بەڵام بوونی ئەوانیش سنووردارە و هاکا ئەوانیش بەهۆی ئەو دەست لەبیننانەی حکومەت بۆ کارو پیشەیان خێر و بەخشینەکانیان گرتەوە.
ساڵانێکە هاوشانی کاری ڕۆژنامەنووسیم، لە ڕێکخراوە خێرخوازییەکاندا چالاکم و وەک خۆبەخشێک کار دەکەم، ئێستاش وەک ئەندامێکی ڕێکخراوی خێرخوازی خەڵک بەردەوامم و مەیدانی دەچینە ماڵی ئەو هاووڵاتییانەی داوای یارمەتی و بەهاناوە چوون بۆ دەردەداری و کۆژانەکانیان دەکەن، خانەوادەی ڕەسەنی ئەم شارە دۆخی بەجۆرێک لێهاتووە توانای دابینی کرێی خانووەکەی نییە، ماڵ هەیە ئاتاج بە ٢٠ لیتر سووتەمەنییە و چلەی ئەم زستانە گەر کارەبای نیشتمانی هەبووبێت لەبەر هیتەرێکدا بوون دەنا لەژێر بەتەنیدا خۆیان لەسەرما پاراستووە.

دۆخی دەرەوەی شارەکان خراپترن، لێرە ئەگەر سەرەتەقەی کلێنس فرۆشی و دەستگێڕییەک هەبێت بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتوان، لەوێ چنگەکڕێی پەیداکردنی نان زۆر ئاستەمە، ماڵ هەیە خوا خوای هاتنی بەهارییەتی تا بەگژوگیا بەهارییەکان ژەمەکانین بەسەر بەرن، بڕواتان بێت ماڵ هەیە خواردنی گۆشتی بیر چووەتەوە و خوا و خەڵکی خێرخواو بایەعییەکە لەمردن بە برسێتی گێڕاونیەتەوە.
زۆرن، ئەو ماڵانەی هڵێی مۆلیدەکانیان لەبەر بێ پارەی ڕاگرتووە.
زۆرن، ئەو دەردەدارانەی چاوەڕێی پارچەیەک حەب یان دەرزییەکن.
زۆرن، ئەو دایکە بێ هاوسەرانەی تەنیا ماوە داوێنیان هەرزان فرۆش بکەن بەهۆی نەبوونی مووچە و نەبوونی کار و سەرچاوەیەکی داهات بۆ بژێوییان.
زۆرن، ئەو منداڵانەی بێ پارەی ڕۆژانە دەچنە خوێندنگە و بە کۆمەکی پارەی کۆکراوەی مامۆستای بێ مووچە لەفەیەک یان بسکیتێک دەخۆن.
زۆر و زۆرترن، ئەوانەی ئیدی هەژاری و نەبوونی بڕستی لێبڕیون و وەک ئاوارە عەرەب و سووریاییەکان لەبەر دەم مزگەوتەکاندا دەلاڵێنەوە بۆ ٢٥٠ دینار.
ئەو ڕۆژانەی وادەی دیاریکراوە بۆ سەردانی ئەو ماڵانەی داوای هاوکاری دەکەن لە بێعاریدا پارووی ژەمێک نان ئەچێ بەگەرومدا، چوون هێندە دیمەنی تراژیدی و پڕ ئازار دەبینم، لە باوکی پەککەوتوو بێکار، دایکی کۆشێک منداڵ بەسەرا کەوتوو، دەیان کەیسی نەخۆشییەکانی، سالاسیما، شێرپەنجەو سستی گورچیلەکان، ماڵی خاوەن ماڵ هەراسانکراو بۆ کرێ، ماڵی بێ نان و بەرگ، ماڵی لەخۆگری منداڵی نابەکام و شەلەل دەماغ و کەمئەندام، سەدان ماڵی بێدەرەتان کە ژەمێکی هەیە و بۆ ئەوانی دی چاوەڕێی خوا و ماڵە دراوسێ و خەڵکانی خێرخوازە.

هاوشانی حکومەت حزب و کەناڵ و خەڵکانێکی دیکەش بەناوی سپۆنسەر و یادکردنەوە و چی وچی، بەنان ی فڵان بەرپرس و فیسار لایەن ئاستەنگێکی ترن لەسەر شانی دەوڵەمەندان و هۆکارن بۆ باش نەگەیشتن و ئاوەدانەوە لە هەژاران، تکایە ئەوەی حکومەت دەیکات ئێوە نەیکەنە و هۆکار بن بۆ ژیانەوەی خەڵکانێکی کەنەفت و نەخۆشی سەرجێ، بۆ بەرگێکی زیاتر لەبەری منداڵێک، بۆ ژەمێکی زیاتری خانەوادەکان.

لەگەڵ ئەو هەموو دەستکەوت و داهاتە لە سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی، دەسەڵات تا دێت کار لەسەر شانی ئەو دەوڵەمەندانەش قورس دەکات کە خێرێکیان لەدەست دەبێتەوە و هاوکار و یاریدەدەری ڕێکخراو و کەسەکانن، ڕوون و ئاشکرا دەستێوەردان و قۆرخکاری بازاڕ دەبینین، بەڵام ماوەیەکە وردتر ڕۆ چوونەتە هەموو پنتێک و دەبێت ئاگایان لە داهاتی دەستکەوتووی خەڵک بێت تا دواتر بکەنە سەریان بە ناوی دانی باج و ڕێکخستنەوەی کار و هتد، ئێستا هەموو ڕێکخراوێک دەبێت ڕاپۆرتی دارایی بداتە ڕێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێم و وردبوونەوە لە داهاتی بەخشراو بکرێت و دەنگۆ هەیە لەبڕی هەر داهاتێکی بەخشراو بۆ کاری خێرخوازی سەدا ٥، باج وەربگیرێت.

دۆخەکە بەجۆرێکە ئامارەکانی زۆر پڕ مەترسین، بەپێی ئەو داواکارییانەی دێنە ڕێکخراوی خێرخوازی خەڵک، تا دێت داتای ئەوانەی داوای هاوکاری دەکەن بۆ نەخۆش، بێسەرپەرشت، بێکار، ….هتد ڕووی لە زیاد بوونە، وەک دەڵێن عەیش و نۆش وا دەکات تاک دڵی بەژیان و مانەوە خۆش بێت، بەڵام کە ژیان هەموو ڕۆژێکی مەرگ بێت بۆ تاکەکانی، سینە بە ئاگرەوە دەنێ نەک گوللە، بە چاو تروکانێک تۆفان ئاسا، دارو بەردی ئەو نادادییە ڕا دەماڵێ، جا سەرەتاکانی ئەو ڕاماڵینە لەسەر هەڵداندایە و کورد دەڵێت برسێتی ڕەگی هاریی پێوەیە، میللەتی ئاخنراو بە هەزار دەردەداری هاکا ڕاپەڕی.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button