پۆتین لەگەڵ ئەندامانی حکومەتەکەی کۆدەبێتەوە

لڤین:
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز ڤلادیمر پۆتین سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ ئەندامانی حکومەتەکەی کۆدەبێتەوە و بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکەش ڕێوشوێن دەبێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری سزاکان لەسەر ئابووری ڕووسیا.
ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا سزایان سەپاندووە بەسەر ڕووسیادا بەهۆی ئەو هێرشەی لە دژی ئۆکرانیا دەستیپێکردووە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە دوو ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی کە زۆربەیان ڕوویان لە وڵاتانی دراوسێ کردووە.
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە هاوردەکردنی سوتەمەنی و هەناردەکانی دیکەی وزەی ڕووسیای قەدەغە کرد، ئەمەش کاریگەری دەبێت بەسەر ئابووری ڕووسیاوە.
شایەنی باسە ئەمەریکا لە ساڵی 2021دا مانگانە زیاتر لە 20 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی لە ڕووسیاوە هاوردە کردووە.