هەڤاڵ ئەبوبەكر: داوای بەخشینم لە ئەركەكەم کردووە، بەڵام هیچ لایەك رازی نییە

لڤین:
پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند:” تا ئێستا دوو جار داوای كردووە لە ئەركەكەی ببەخشرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا وەڵامی نەدراوەتەوە.”
هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ شەممە 5-3-2022 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کۆتایی ساڵی 2021 ەوە داوای كردووە لە ئەركەكەی ببەخشرێت، بەڵام هیچ لایەك بەو داواكارییەی رازی نەبووە.
وتیشی: “خەڵك بۆ چوار ساڵ دەنگی بە من داوە نەوەك زیاتر؛ بۆیە لە 4- 12-2021ەوە كە ماوەكەم تەواو بوو، داوام لە وەزارەتی ناوخۆ و هەرسێ لایەنی سەرەکیی پێكهێنەری حكومەت كرد كە لە ئەركەكەم ببەخشرێم، بەڵام تاوەكو ئێستا وەڵام نەدراومەتەوە”.