ئەنجومەنی ئابوری: وەزارەتی داراییمان ڕاسپارد، ئامادەکاری بکات بۆ دابەشکردنی مووچە

لڤین:
ئەنجومەنی ئابوری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕاسپارد، ئامادەکاری پێویست بکات بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی دابەشکردنی موچە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێک، ئەنجومەنی ئابووری، لە دوای کۆبونەوەی ئەمڕۆی ڕایگەیاند گفتوگۆ دەربارەی ڕاپۆرتی لیژنەی سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی ڕێکخستنەوەی باج و رسومات لە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگا وپارێزگاکان كرا، ئەم لیژنەیە پێشتر لە لایەن ئەنجومەنی ئابوورییەوە پێکهێنرا بە مەبەستی ڕێکخستنەوەو پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو ڕسومات و کرێ خزمەتگوزاریانەی کە دامودەزگاکانی حکومەت کۆیان دەکەنەوە.
ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەسکردووە جەختمان لە پێویستیی ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆیی و نانەوتییەکان كرد ، لە هەمانکاتدا هەوڵەکانیش بەردەوامە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و حکومەتی هەرێم درێغی ناکات لە هەوڵدانی جدی بۆ دابینکردنی بودجەی هەرێم ومووچەی مووچەخۆران.
ئەنجومەنی ئابووری، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد، ئامادەکاری پێویست بکات بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە.