تابلۆی کچی یەکێک لە سزادراوەکانی بادینان نرخی گەیشتووەتە 4 هەزار دۆلار

لڤین:
لە چوارچێوەی کاردانەوەکان دژی سزادانی ڕۆژنامەنوسان و چالاکانی بادینان، هونەرمەندی کورد، یاسین حەسەن، تابلۆیەکی کچی یەکێک لە سزادراوەکانی بادینانی کێشاوە و تائێستاش نرخی تابلۆکە گەیشتووەتە 4 هەزار دۆلار.
لەبارەی کێشانی تابلۆکەوە یاسین حەسەنی هونەرمەند، لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک، نوسیویەتی: چاوێك پڕ لە پرسیار، سنبولی ناعەدالەتی و بێ یاسایی لە هەرێم، ئەو هونەرمەندە هەروەها نوسیویەتی: “بەداخەوە لەم پۆرترێتە زیاتر هیچم لە دەست نایەت کەوا بتوانم ئەو فرمێسکە پڕ لە هاوار و ئازارە لەسەر ئەو چاوە جوانەت لابدەم خوای گەورە هەققت بکاتەوە”.
لە دوای چەند کاتژمێرێک لە بڵاو کردنەوەی وێنەی تابلۆکە، لە پۆستێکی دیکەدا یاسین حەسەنی هونەرمەند، نوسیویەتی: دوای ڕازی بوونی کەسوکاری خاوەنی ئەم تابلۆیە ئەم تابلۆیەم کێشاوە، تەنها وەك پشتگیریەك بۆ ئەم خیزانە بێ تاوانە و سەربەرزە ، دەشڵێت “خۆشبەختانە تاوەکو ئێستایش نرخەکەی گەیشتۆتە (4000) دۆلار”.
لە دوای بڕیاری شەش ساڵ زیندانی بۆ پێنج، چالاکوان و ڕۆژنامەنووسەکەی بادینان، لە لایەن دادگای هەولێرەوە، دوو منداڵە کچەکەی شڤان سەعید، لەبەردەم کامێراکاندا بەکوڵ بۆ باوکیان گریان کە بێتاوان سزادراوە، ئەوەش ناخی زۆر کەسی هەژاند و کاردانەوەی لێکەوتەوە.