بافڵ جەلال تاڵەبانی:رۆژی شەھیدی یەکێتی بۆ ئێمە رۆژی وەفا و پابەندبوونمانە بە رێبازی خوێنی شەھیدان

لڤین:

رۆژی شەھیدی یەکێتی بۆ ئێمە رۆژی وەفا و پابەندبوونمانە بە رێبازی خوێنی شەھیدان و درێژەپێدان بەو خەباتەی لەبەردەم پەتی سێدارەدا دروشمی (کەم بژی و کەڵ بژی) بەرزکردەوە.

لە بەرامبەر ئەم شکۆیەدا بەڕامانێکی قوڵەوە بەرەو داھاتوویەکی گەشتر ھەنگاودەنێین و رەوتی رێكخستنەوەی ژیانی حزبایەتی پشتبەستوو بەم شکۆیە بەردەوامی پێدەدەین، یەکێتی یەکێتییەکەی مام دەبوژێنینەوە و لەبەرامبەر میللەت، کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و تێکۆشەراندا بەڵێن دەدەینەوە وەفاداری ئەم بەرپرسیارێتییە بین و ئەم ئیرادەیە راوەستانی بۆ نییە.

بۆ ئەم قۆناغە و قۆناغی داھاتووش کە بەرھەمی خەباتی تێکۆشانی سەختی چەکداری، سیاسی و دبلۆماسییەکی سەرکەتوو بووە لە دروستکردنی کیانی خۆبەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان، کە پشکی شێری ئەو سەرکەوتنە بەر یەکێتی و تێکۆشەر و شەھیدەکانی دەکەوێت، بۆیە یەکێتی حزبی سەرکەوتنە.

ئەم حزبی سەرکەوتنەش کۆڵنادات لە خەباتی نوێی دیموکراسی، پەرلەمانیی و نەتەوەیی لە چوارچێوەی ھەرێم و عێراقدا تا گەلەکەمان بە تەواوی مافەکانی دەگات و ژیانێکی خۆشگوزەران و شایستە بۆ کۆمەڵانی خەڵک مسۆگەردەکات، ئەم ئامانجەش بە پشتیوانی تاک بە تاکی گەلەکەمان بەدیدێت لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەھەمان دڵسۆزی و پەرۆشییەوە کە لەھەموو وێستگەکانی خەباتدا لە یەکێتییەکەیان کردووە.

سەری رێز و نەوازش بۆ شەھیدەکانمان دادەنەوێنین و لەبەردەم گڵکۆی بەرزیاندا بەڵێن دووپاتدەکەینەوە پارێزەری یەکێتی و یەکێتییەکان دەبین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button