مەرجەعی یەکێتی دەباشانە

لڤین:

ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی رايگەياند، یەکێتی دەیەوێت کورد بەیەک بەرەی پتەو بچێتە بەغدا، لە بری ئەوەی واقعی سیاسی ئەو دیوی حەمرین، رێکمان بخات.

ستران عەبدوڵا ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردايەتی يەکێتی رايگەياندوە، “مەلەفی پەیوەندیدار بە لاهور جەنگی بورهان و هاوەڵەکانی یەکلایی بووەتەوەو لای یەکێتی مەلەفێکی داخراوەو کۆتایی پێهاتووە، یەکێتی ناگەڕیتەوە بۆ دواوە، کۆبوونەوەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ مەسعود بارزانی ساخی کردەوە کە ئێستا مەرجەعی یەکێتی نیشتیمانی دەباشانە و بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکایەتی دەکات، مەرجەعی پارتیش روونە کە بەڕێز مەسعود بارزانییە”.

سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی عێراق ئاشکرای کردوە،“یەکێتی دەیەوێت کورد بەیەک بەرەی پتەو بچێتە بەغدا، لە بری ئەوەی واقعی سیاسی ئەو دیوی حەمرین، رێکمان بخات، پێویستە کورد لەم دیو حەمرین، لە هەرێمەکە بەرنامەیەکی هاوبەش کۆی بکاتەوە “، دەشڵێت “ئەوەی بۆ یەکێتی گرنگە پۆستی سەرۆککۆمار لەم قۆناغەدا هی یەکێتی نیشتمانییە، چونکە پۆستەکان لە کوردستان لای پارتییە”.

سەبارەت بە پۆستی پارێزگاری کەرکوکيش ئاماژەی بەوەکردووە، ” بۆیە داوای پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەکەین، چونکە زۆرینەی کوردی شاری کەرکوک یەکێتین، بۆ چارەسەری ئەو گرفتەی ئێستا کە ئیدارەی شارەکە بە دەست عەرەبێکی شۆڤێنییەوەیە، هەروەها ئیرادەی خەڵکەکەش، ئەو پۆستە لای یەکێتی بێت باشترە، بۆئەوەی ئیدارەی شارەکە و ئیرادەی خەڵکەکەی رێک بخەینەوە”.

باسی لەوەشکردووە، “لە رابردووشدا پارتی وەک حزبێکی گەورەو هاوبەشی حوکمڕانی رەزامەند بووە لەسەر بەربژێری یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، دەربارەی بەربژێری یەکێتیش بۆ ئەو پۆستە، هێشتا روون نەبۆتەوە کام کەسایەتی دەبێتە بەربژێری یەکێتی نیشتیمانی، پاشان بەربژێری نەتەوەی کورد، دواجار بافڵ جەلال تاڵەبانی وەکو سەرۆکی یەکێتی، بڕیار لەسەر کاندیدی هەموو یەکێتییەکان دەدات”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button