بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ وەڵامی پەرلەمانتارێکی گۆڕان دەداتەوە

لڤین:

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، پارەی ئاو سەرانە نییە بە پێی یاسا ڕێکخراوە، سێكتەری ئاو، سێكتەرێكی قازانج نەویستە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ساڵانە 130 تاوەكوو 140 ملیار دینار لە بەڕێوەبردن و ئیدامەكردنی پرۆژە و تۆڕەكانی ئاو و ئیشپێكردنی ڕۆژانە خەرج دەكات.

دابان محمد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسێۆنی گۆڕان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە سزادانی هاوڵاتیان لەبەرامبەر نەبەستنی پێوەری ئاوی ماڵان،ڕایگەیاند،” ئەو بڕە پارەی کە لە هاوڵاتیان دەسێنرێت سەرانەیە، پێویستە هاوڵاتیان ئەوپارە نەدەن چونکە پڕۆژەی بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان شکستی هێناوە.

بەرامبەر ئەو لێدوانە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ سەر بە وەزارەتی شارەوانی حکومەتی هەرێم ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە:

دەقی ڕونکردنەوەکە:

 

ڕوونكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتی و وەڵامێكيش بۆ پەرلەمانتارێكی كوردستان

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا كەسێك كە پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕانە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا چەند قسەیەكی ئاستنزمی بە مەبەستی ناوبانگ دەركردن و وەك پیشەی هەمیشەییان بۆ چەواشەكردنی ڕای گشتی كرد، قسەكانی هێندە لە ئاستێكی نزم و هەرزەگۆیانەدا بوون، لەبری ئەوەی بڵێ (كرێی ئاوی خواردنەوە)، دەڵێ (سەرانە) لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت! دیارە بەكارهێنانی ئەو دەستەواژەیە بۆ كەسێكی پەرلەمانتار جێگەی پرسیارە و ڕووی ڕاستەقینە و ئاستی ڕۆشنبیریی یاسایی ئەو كەسەش نیشان دەكات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە مافی دادگە و داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستانیشە لێپرسینەوە لەو جۆرە قسانەدا بكەن، چونكە كرێی ئاوی خواردنەوە بە گوێرەی یاسا ڕێكخراوە و سەرانە نیییە! ئەمە پێش ئەوەی هێرشكردنە سەر دامودەزگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش بێت، بێ بایەخكردنی یاسا و ڕێنماییەكانە، ئێمە ئەو بابەتە بۆ دامودەزگە یاساییەكان و تەنانەت پەرلەمانی كوردستانیش جێدەهێڵین و تەنیا دەپرسین ئایا دەبێت پەرلەمانتارێك بەو ئاستەنزمەی زمان و بەبێ بەرپرسیارێتیی قسە بكات؟

بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستانیش چیتر بە قسە و دروشم و چەواشەكاری كەسانێك كە بەڕاستی “شایەنی ئەوە نین پێیانبگوترێت پەرلەمانتار” فریو نەخۆن و ڕاستییەكانیان لێ نەشێوێندرێت، بەپێویستمانزانی ڕوونكردنەوەیەك بڵاو بكەینەوە و بە گوێرەی یاسا سەرلەبەری قسە بازاڕییەكانی ئەو پەرلەمانتارە و هاوشێوەكانی بە درۆ دەخەینەوە، وێڕای ئەمە خەڵكی كوردستانیش دەزانن كە پێشتر و ئێستاش ئەو جۆرە قسانە بۆ مەرامی تایبەت و بە ئامانجی ناوبانگ دەركردن و شەڕی سیاسی دەكرێن، بەڵام ئێمە دامودەزگەیەكی خزمەتگوزارین و باكمان بەو جۆرە بوختان و قسە بازاڕییانە نییە و بە گوێرەی یاسا و ڕێنمایییەكان كار و خزمەت دەكەین.

ئەو بڕە پارەیەی بە یاسا لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت كە ئەو پەرلەمانتارە بە (سەرانە) ناوی دەبات، لەمبارەیەوە دووپاتی دەكەینەوە كە بە ڕێنماییی ژمارە (1)ی ساڵی 2018ی تایبەت بە بەستن و خوێندنەوەی پێوەری ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی كوردستان وەردەگیرێت و هیچ جۆرە سزایەكمان نییە و ئەوە تەنیا كرێی ئاوە بە پێوەر و بەبێ پێوەر، سەبارەت بەوەی كە گوایە هاووڵاتییان غەرامە دەكرێن، دووپاتی دەكەنەوە هیچ جۆرە غەرامەیەك لەناو ئەو ڕێنماییە و هەمواری ڕێنماییەكەش نییە، ئەو بڕە پارەیە تەنیا كرێی ئاوە بەشێوەی پێوەر و بەبێ پێوەر وەردەگیرێت، ئەویش بە گوێرەی یاسا، باسكردن لە “سەرانە”ش لەلایەن ئەو كەسەوە، بۆ مەبەستی تایبەتە و پێویستە داوای لێبووردن لە خەڵكی كوردستان بكات، چونكە دامودەزگەكانی حكوومەت خزمەتكاری خەڵكن و سەرانە لە خەڵك وەرناگرن!

سێكتەری ئاو، سێكتەرێكی قازانج نەویستە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ساڵانە 130 تاوەكوو 140 ملیار دینار لە بەڕێوەبردن و ئیدامەكردنی پرۆژە و تۆڕەكانی ئاو و ئیشپێكردنی ڕۆژانە خەرج دەكات، لە بەرانبەریشدا ساڵانە داهاتی ئاو لە 30 بۆ 40 ملیار زیاتر نەبووە، ئەمەش لەچاو خەرجی ئاو، زۆر زۆر كەمە، وێڕای ئەمە حكوومەت بە بەردەوامی پرۆژەی نوێش بۆ زیادكردن و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ئاو جێبەجێ دەكات.

ئەو پەرلەمانتارە بە شێوەیەكی چەواشەكارانە باسی گەڕانەوەی پارەی هاووڵاتییانیش لەكاتی بەستنی پێوەردا دەكات، ئێمە دووپاتی دەكەینەوە كە گەڕاندنەوەی پارەی هاووڵاتییان لەكاتی بەستنی پێوەری ئاو، بە هەمان ڕێنماییی ژمارە 1ی ساڵی 2018 دەبێت و حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە جێبەجێكردنی ئەو بڕگانەی كە لە ڕێنماییەكەدا هاتووە. لەلایەكی ترەوە ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان بە شێوەیەك باسی پرۆسەی بەستانی پێوەر دەكات وەك ئەوەی پرۆسەكە شكستی خواردبێت، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە كە لە كۆی نزیكەی یەك ملیۆن هاوبەش، تەنیا 993 هەزار هاوبەشی ئاو لە سەرتاسەری كوردستان، واتە 65%ی هاووڵاتییان پابەندبووینە بە بەستانی پێوەری ئاو.

لە ساڵی 2018یشەوە خوێندنەوەی پێوەر چووەتە بواری جێبەجێكردنەوەوە، واتە پرۆژەی بە سیستەمكردنی كرێی ئاو، بە بەردەوامی چاكسازی كراوە بۆ ئەوەی پرۆژەكە بگەیەندرێتە ئاستێكی بەرزتر و بە هیچ جۆرێك شكستێكی نەخواردووە، بە ڕاشكاوی دەڵێین ئەمە ڕاست نییە كە ئەو پەرلەمانتارە و هەندێ جار لێرەولەوێش باس لەوە دەكرێت كە گوایە ئەو پرۆسەیە شكستی هێناوە، ئەو دەنگۆیانە ئەساسیان نییە و پرۆسەی بەستانی پێوەری ئاو لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی سامانی ئاو بەردەوام دەبێت.

وەك وەڵامێكیش لەبارەی تەمەنی پێوەرەكانەوە، جەخت دەكەینەوە كە پێوەری ئاویش، وەكوو هەر ئامێرێكی دیكەی میكانیكی، ئەویش تەمەنی دیاریكراوی خۆی هەیە و ئەو تەمەنەش لە سووانەوە دێت، كەمترین تەمەنی پێوەرەكانیش بە 5 ساڵ دادەنرێت، بەڵام بەشێكی زۆری پێوەرەكان تا 15 ساڵیش دەچێت، خۆزگە شارەزایی لەو بابەتە دەبوو، ئینجا قسەی لەسەر دەكرد، بەڵام دیارە وەكچۆن شارەزایی لە تەواوی بابەتەكانی دیكەدا نەبووە، لەوەشدا لەخۆیەوە قسە دەكات. لەم چوارچێوەیەشدا ئێمە لەگەڵ ئەندامی بەڕێزی پەرلەمان و لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار بەردەوامین لە هەوڵەكانمان و لە هەفتەی داهاتووشدا دانیشتنێكی دیكەمان لەسەر بنەمای دانیشنی هەفتەی رابردوو دەبێت.

پەرلەمانتارێك ئەگەر وڵاتەكەی خۆی خۆشبوێت و هەست بە بەرپرسیارێتی بكات، نابێت دنەی هاووڵاتییان بدات و پرۆسەكانی چاكسازی لەپێشچاوی خەڵك و ڕای گشتی ناشیرین بكات، كە پرۆسەی چاكسازی لە هەر بابەتێكدا لای خەڵكی قەبووڵ كراوە، بە تایبەتی بابەتی پێوەری ئاوی خواردنەوە، چونكە بابەتێكی نیشتمانییە بۆ پاراستنی سامانی ئاو، خۆ ئەگەر دوو سێ ساڵی دیكە ئێمە گرفتی كەمئاویمان بۆ دروست بێت، هەر ئەو جۆرە پەرلەمانتارانە دێنە سەر شاشەكان و وەك موزایەدەكردن باسی كەمئاوی دەكەن. بۆیە بە خەڵكی خۆشەویستی كوردستان ڕادەگەیەنین كە بەستنی پێوەری ئاو، زامنكردنی داهاتووی هاوبەشانی ئاوە بۆ دابینكردنی بڕیكی باشتر و بەردەوامی ئاوی خواردنەوە و ڕێگریكردنە لە بەهەردەدانی ئاو، ئێستا بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و وشكەساڵی و كەمی بارانبارینەوە، مەترسی جدی هەیە لە ماوەیەكی نزیكدا تەواوی ناوچەكە و هەرێمی كوردستانیش تووشی گرفتی كەمئاوی ببێت، بۆیە ئەگەر لە ئێستاوە ئامادەكاری نەكرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا هاووڵاتییانی هەرێم بە شێوەیەكی گشتی لە دابینكردنی ئاوی خواردنەوە دووچاری ئاستەنگی گەورە دەبنەوە. بۆیە پێوەری ئاو یەكێكە لە هەنگاوەكانی پاراستنی سامانی ئاو و ئێمە لەسەر ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبین.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ

10/11/2021

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button