یەکێتی تەواوی دەستەڵاتەکان دەداتە قوباد تاڵەبانی بۆ گۆڕانکارییە حکومییەکان

لڤین:

عەتا سەراوی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نشتیمانیی كوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان، ڕایگەیاندوە،” لە هەفتەی پێشوو كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەڕێوەچوو بەكۆی دەنگی ئەندامانی ئەجومەنی سەركردایەتی ( بافل تاڵەبانی) هەموو دەسەڵاتێكی پێدرا كە دوابڕیار لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بدات و هاوكات دەسەڵاتی ئەوەشی پێدرا، كە دەتوانێت هاوپەیمانی لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق ئەنجام بدات بۆ بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراقی”.

ئاماژەی بەوەیشداوە،” هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەموو دەسەڵاتێك بە ( قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكومەت دراوە، كە گۆڕانكاری ڕیشەیی لە پۆستە حكومییەكان بكات بەجۆرێك ئەو كەسانەی ماوەی چوار ساڵ بەرپرسیارێتی یان بەڕێوەبەری فەرمانگە حكومییەكانن دەگۆڕدرێن، ئەوانەشی كەمتر لە چوار ساڵە بەڕێوەبەرن، بەڵام گەندەڵیان لەسەرە ئەوانیش دەگۆڕدرێن بۆیە ناكرێت بەهیچ شێوەیەك چاوپۆشی لەهیچ كەسێك بكرێت و دەبێت لەماوەی سێ‌ مانگی داهاتوودا سەرجەم ئەو گۆڕانكارییانە بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە واتە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەبێت یەكێتی كەوتبێتەوە سەر ڕێچكە ڕاستەقینەكەی خۆی”.

ئاشکرایشیکردوە،” بڕیاری دوورخستنەوەی ( لاهور شێخ جەنگی) و ئەو ئەندامانەی سەركردایەتی، بڕیاری كۆتایییە و بە ئاگاداری ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە (ئاراسی شێخ جەنگی)شەوە دراون، کە ئەویش دەنگی بە بڕیارەکەدا، بۆیە هەر ئەندامێكی سەركردایەتی بڵێت ئاگاداری ئەو بڕیارە نیم “راست ناکات” و خۆی لەڕاستییەكان دەشارێتەوە چونكە هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەنگیان بەوەدا کە بافڵ تاڵەبانی سەرپشک بکرێت، بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی ئەو ئەندامانەی كە دوورخراونەتەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button