حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

لڤین:

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هێرشە بەردەوامەکانی تیرۆرستانی داعش لەو ناوچانەش دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە هێشتا ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە ھەڕەشەیە لەسەر تەواوی عێراق.

جوتیار عادل وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی داعش بۆ سه‌ر میحوه‌ری كه‌ركووك، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتوە،” هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەلماندویەتی تاکە هێزی متمانە پێکراو و پارێزەری دانیشتوانی ئەم ناوچانەیە و ئەو ھێزەیە کە لە ھەر جێگایەکدا بێت ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش ناتوانێت تێیدا بمێنێتەوە”.

بەیاننامەکەی حکومەتی هەرێم لە کاتێکدایە کە شەوی ڕابردوو چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێرشیان کردە سەر فەوجی دووی لیوای 10ی وەزارەتی پێشمەرگە لە ناوچەی زورگەزراو لە سنووری میحوەری کەرکووك، لە ئاکامی ئەو هێرشەدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌یه‌:

شەوی ڕابردوو تیرۆرستانی داعش لە ناوچەى زوڕگەزراو لە سنووری میحوەری کەرکووک، هێرشێکی ترسنۆکانەیان کردە سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە داخەوە دوو پێشمەرگەی قارەمان بە ناوەکانی خالید حەمید هەیاس و ئاکۆ کەریم قادر شەهید بوون.

لێرەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هەردوو شەهید دەکەین و لە خوای مەزن داواکارین سەبووریان بدات.

هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەلماندویەتی تاکە هێزی متمانە پێکراو و پارێزەری دانیشتوانی ئەم ناوچانەیە و ئەو ھێزەیە کە لە ھەر جێگایەکدا بێت ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش ناتوانێت تێیدا بمێنێتەوە، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لە گرنگی و پێویستی زیاتری هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.

هێرشە بەردەوامەکانی تیرۆرستانی داعش لەو ناوچانەش دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە هێشتا ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە ھەڕەشەیە لەسەر تەواوی عێراق و پێویستە هەموولایەکمان کار بکەین بۆ ڕیشەکێش کردن و کۆتاییهێنان بەو هەڕەشەیە.

د جوتیار عادل
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button