کێشەی دەرچوانی کۆنمرەی ٩٩ چارەسەر دەکرێت

لڤین:

وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە زیادکردنی ژمارەیەک کورسی بەخۆڕایی، کێشەی دەرچوانی کۆنمرەی (٩٩) چارەسەر دەکرێت.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردوە،” کێشەی ئەو خوێندکار و قوتابیانەی کۆنمرەیان (٩٩) و بەسەرەوەیە چارەسەردەکات، بۆ ئەمەش ئەو دەرچوانەی کە کۆنمرەیان (٩٩) و بەسەرەوەیەو لە کۆلێژی پزیشکی گشتی وەرنەگیراون، دوای زیادکردنی ژمارەیەک کورسی بەخۆڕایی لە کۆلێژەکانی پزیشکی گشتی (ھەولێر، سلێمانی، کۆیە، گەرمیان) وەردەگیرێن”.

ئێوارەی ئەمڕۆ ھەینی ڕێکەوتی (٢٠٢١/١٠/٢٩) بەسەرپەرشتی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبونی بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکار و سەرۆک زانکۆ حکومییەکانی کوردستان، کۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزارەت بەشێوەی ئۆنلاین بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەو دەرچوانەی کۆنمرەیان (٩٩) و بەسەرەوەیە بەڕێوەچو.

لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبونەوەکەدا هاتوە،” لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: ئامانج لەم کۆبونەوەیە چارەسەرکردن و دانانی میکانیزمێکە لە چوارچێوەی پلانی وەرگرتن بۆ زیادکردنی کورسی بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی دەرچوانی کۆنمرە بەرزەکان، بە شێوەیەک پلانەکان ھاوتەریب بێت بۆ سودی دەرچوان و پێداویستیەکانی بازاڕی کار، بۆ ئەمەش دوپاتیکردەوە: وەزارەتی خوێندنی باڵا بەڕەچاوکردنی کواڵتی خوێندن و لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانێکی تۆکمە، کاری کردوە بۆ وەرگرتنی خوێندکاران و قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی ھەرێمی کوردستان بەو پەڕی دادپەوەری و یەکسانیەوە، وتیشی ھەمیشە پشتیوان و پاڵپشتی کەسوکارو نەوەکانی داھاتومان بوینە بۆ ئەوەی لە زانکۆ حکومییەکانی کوردستان و لە پلانی خوێندنی بەخۆڕایی جێگەیان بۆ بکەینەوە بۆ ئەوەی ڕوو لە دەرەوەی وڵات نەکەن لەناوخۆی کوردستان ھەلی خوێندنیان بۆ فەراھەم بکەین”.

ئاماژە بەوەیشداروە،” ھەر لە کۆبونەوەکەدا دوای گفتوگۆی ئەندامانی ئەنجومەن، بڕیاردرا ئەو دەرچوانەی کۆنمرەیان (٩٩) و بەسەرەوەیەو لە کۆلێژی پزیشکی گشتی وەرنەگیراون، دوای زیادکردنی ژمارەیەک کورسی بەخۆڕایی لە کۆلێژەکانی پزیشکی گشتی (ھەولێر، سلێمانی، کۆیە، گەرمیان) وەردەگیرێن، بۆ ئەمەش ئەو کورسیە بەتاڵانەی لە ئەنجامی سەرخستنی ئەم دەرچوانە لە کۆلێژەکانی پزیشکی ددان و دەرمانسازی دەمێنێتەوە، ئەو خوێندکارانەی تر سەردەکەون کە لەم دو کۆلێژە داوایان کردەوەو وەرنەگیراون، ئەویش بەپێی کۆنمرەو ڕیزبەندی داواکارییەکانیان، چارەسەرکردنی کێشەی ئەم دەرچوانە لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی ورد و دادپەروەر و یەکسان لە نێوان خوێندکاران و قوتابیان بەپێی ڕیزبەندی نمرەکان لەلایەن ناوەندی وەرگرتن لە وەزارەت جێبەجێ دەکرێت و دوای تەواوبونی پرۆسەکەش ئەنجامەکەی بۆ خوێندکاران و قوتابیان بڵاودەکرێتەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button